پۆمپیۆ: ئامادەین یارمەتیی ئێران بدەین بەڵام سزاكان لانابەین

09/04/2020 جیهان

نەوا
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دوپاتیدەكاتەوە، وڵاتەكەی سزاكانی سەر ئێران هەڵناگرێت و دەڵێت، سزاكان رێگر نییە لە ناردنی هاوكارییە پزیشكییەكان بۆ ئێران.
مایك پۆمپیۆ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، واشنتۆن لە یەكەم رۆژەوە ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی بە ئێران، بەڵام بەرپرسانی تاران ئەوەیان رەتكردوەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتیشی، هەندێك كەس و وڵات باس لەوە دەكەن سزاكانی سەر ئێران هەڵبگیرێن تاوەكو ئێران بتوانێت روبەڕوی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێتەوە، بەڵام سزاكان رێگر نین لەبەردەم گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی و پزیشكی و دەرمان بۆ ئێران.
پۆمپیۆ دووبارە ئامادەیی ئەمریكای بۆ هاوكاریكردنی ئێران دوپاتكردەوە، بەڵام جەختیكردەوە سزاكانی سەر ئەو وڵاتە هەڵناگرن.
پێشتر نەتەوە یەكگرتووەكان و چەند وڵاتێكی دیكە، بەتایبەت هەریەكە لە روسیا و چین، داوایانكردبوو بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا، سزا ئابورییەكانی سەر وڵاتان لاببرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group