مستەفا كازمی پەیامێك بە زمانی كوردی بڵاودەكاتەوە و بەڵێن دەدات

09/04/2020 عێراق

نەوا
مستەفا كازمی دوای راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوی عیراق، پەیامێكی بە زمانی كوردی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێت "بەڵێن بێت حكومەتی داهاتوو كاربكات بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان و بەرەوپێشبردنی ئابوری".
رۆژی پێنجشەممە 9-4-2020 دوای ئەوەی عەدنان زورفی پاشەكشەی خۆی لە راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەتی عیراق راگەیاند، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی راسپارد بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركە.
دوای راسپاردنەكەی، كازمی لە پەیامێكدا بەزمانی كوردی، كە لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویكردوەتەوە، دەڵێت "بە راسپاردنم بە ئەركی سەرۆكایەتی حكومەتی عیراقی، پەیماندەدەم لە بەرانبەر گەلە بەخشندەكەمان، بۆ كاركردن لەسەر پێكهێنانی حكومەتێك كە خواستی عیراقییەكان بخاتە پێشینەی كارەكانی، سەروەریی نیشتمان و مافەكان بپارێزێت و كاربكات بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان و ئابوری بەرەوپێشببات".


لای خۆیشیەوە بەرهەم ساڵح لە مەرسومی راسپاردنی كاندیدەكەدا رایگەیاندوە، پێویستە مستەفا كازمی لەماوەی دیاریكراودا، كە 30 رۆژە لە رۆژی دەركردنی مەرسومەكەوە، ئەندامانی حكومەتەكەی دیاری بكات و پێشكەشی پەرلەمانی بكات بۆ بەدەستهێنانی متمانە.
لەلایەكی دیكەوە، بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ناوبراو پەیوەندی كردوە بە كازمی-یەوە و پشتیوانی خۆی بۆ راسپاردنی دەربڕیوە و تەئكیدیشیكردوەتەوە، بەیەكەوە كاربكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستور.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group