مەكتەبی سیاسیی یەكێتی: رێگەنادەین دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزی و پشێوی ببرێت

17/04/2020

نەوا
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ڕای گشتی رایدەگەیەنێت، رێگا نادەین بارودۆخەكە بەرەو "تەسعید و ئاڵۆزكرد و پشێویی ببرێت." باس لەوەشدەكات، " ئاراستەیەك لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەرامی جیاجیا و بەرنامە بۆ داڕێژراو هێرشی ناڕەوا دەكەنە سەر یەكێتیی و سەركردایەتییە نوێكەی."
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "رێگا نادەین بارودۆخەكە بەرەو تەسعید و ئاڵۆزكردن و پشێویی ببرێت."
راشیگەیاندوە "بەداخەوە دەبینین ئاراستەیەك لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەرامی جیاجیا و بەرنامە بۆ داڕێژراو هێرشی ناڕەوا دەكەنە سەر یەكێتیی و سەركردایەتییە نوێكەی كە چەندین جاریشە دووبارە دەبێتەوە."
یەكێتی داوا لەسەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات وەك فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هەروەها  لەسەر داوای رەوای خەڵكی دەوروبەری زینی وەرتێ و بۆ رەواندنەوەی گرژی و دڵەڕاوكێی هاوڵاتیان، بەپەلە فەرمانی كشاندنەوەی گشت هێزەكان بدات و  ئاسایشی ناوچەكە بە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بسپێرێت.

ئەوەش لە كاتێكدایە، زیاتر لە 20 ڕۆژە ململانێی سەربازی لە نێوان پارتی و یەكێتی و پەكەكە لەناوچەكەدا دروستبووە و هەر سێ حزب بارەگای سەربازیان لەبەرامبەر یەكتری داناوە.

دەقی راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی:

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

لەكاتێكدا هاووڵاتیان و هەرێمەكەمان و جیهان گیرۆدەی چۆنێتی بەگژاچوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، ترس و دڵەڕاوكێ لەئاكامە تەندروستی و ئابوری كۆمەڵایەتییەكانی  لەم بارودۆخە سەختەی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان هەموومانی سەرقاڵ كردووە، لەو پێناوەدا یەكێتیی هەموو ئۆرگانەكان و توانای خۆی بۆ هەماهەنگی و هاوكاری یەكە ئیدارییەكان و حكومەتی هەرێم تەرخان كردووە،

ئا لەم ئانوساتەدا، لەجیاتی هێوركرنەوەی هاوڵاتیان لەرووی دەروونیی و دابینكرددنی گوزەرانیان، بەداخەوە دەبینین ئاراستەیەك لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەرامی جیاجیاو بەرنامە بۆ داڕێژراو هێرشی ناڕەوا دەكەنە سەر یەكێتیی و سەركردایەتییە نوێكەی كە چەندین جاریشە دووبارە دەبێتەوە، سەرەتا بەگرتنی ژمارەیەك هەڤاڵ و كەسوكاری شەهیدی یەكێتیی و پاشان بەگژیەكداكردنی دوو دەزگای ئەمنی و هەواڵگری سەر بە حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ، لەو رێگەیەشەوە تانەدان و تۆمەتباركردنی یەكێتی، تا هێنانی هێزێكی لیوای وەزارەتی پێشمەرگە بۆ شوێنێكی ئارامی وەك زینی وەرتێ بەبیانووی كۆنترۆڵكردنی تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا، ئەمە سەرەڕای نەدانی بەشە بودجەو هاوكاری رێكخراوە جیهانی و ناوخۆییەكان كە لەسەر حسابی تایبەتی حكومەتی هەرێمەو بێ بەشكردنی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین لێی.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سۆنگەی هەستكردن بە لێپرسراوێتی و هەستیاری بارودۆخەكە تائێستا دانی بەخۆیدا گرتووە  هەر بۆیەش  داوا لەسەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات وەك فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ھەروەھا  لەسەر داوای رەوای خەڵكی دەوروبەری زینی وەرتێ و بۆ رەواندنەوەی گرژی و دڵەڕاوكێی هاوڵاتیان، بەپەلە فەرمانی كشاندنەوەی گشت هێزەكان بدات و  ئاسایشی ناوچەكە بە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بسپێرێت.

هەروەها داواكارین لە پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) كە بۆ ئارامی ناوچەكەو پاراستنی سەرو ماڵی خەڵك وە بیانوو نەدان بەدەستەوە هێزەكانیان لەناوچەكە بەدوور بگرن.

هاوڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جارێكی تر دڵنیاتان دەكاتەوە كە لەم قۆناغە هەستیارەدا بەرنامەو كۆششی بە پەلەی رووی لە پاراستنی ژیان و تەندروستی هاولاتیان و دابینكردنی قوتیانە  كە ئەم بەڵا جیهانییە كاری تێكردوون، بەو بۆنەیەشەوە داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین چارەسەری بەپەلە بۆ بژێوی خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت بدۆزێتەوە كە بەهۆی پابەندبوونیان بە رێنماییەكانی حكومەتەوە زەرەر مەندی یەكەم بوون.

لێرەشەوە رایدەگەیەنین سەركردایەتی نوێی (ی.ن.ك) لەگەڵ هیچ جۆرە تەصعیدێكی سەربازی و ئیعلامی نین و لەبەر پاراستنی بەرژەوەندی خەڵكەكەمان ،  وەك هەمیشە ، بەشێك دەبین لە چارەسەرو بەهیچ جۆرێك رێگە بە ئاراستەی ئاڵۆزكردنی بارودۆخەكە نادەین.

لەتەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا مەكتەبی سیاسی رەوشی كەركوك و موصل و خانەقین و خوورماتوو  و  مەخمورو كوڵەجۆی تاوتوێ كرد، كە هەروەك ئاگادارین لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بارودۆخی ئاسایش و سەربازی ئەو ناوچانە لەئاستی پێویستدا  نین، سەرەڕای سەرقاڵی دامودەزگاكانی میری بە بارودۆخی تەندروستی وڵات و بەگژاچوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمانە هەمووی بوەتە هۆی دروست بوونی بۆشایی سەربازی و ئاسایش لەناوچەكەو هەڵكشانی جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش، دەرەنجامیش ژمارەی قوربانییەكان لە شەهیدكردن و برینداركردنی هێزەكانی پێشمەرگەو سوپای عیراق و هاوڵاتیان و جوتیاران لەزیادبوونا ، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی دڵەڕاوكێ لەناو دانیشتووانی  ئەو ناوچانە لە سەرجەم پێكهاتەكان.

بۆیە جەخت دەكەینەوە جارێكی تر لە حكومەتی فیدراڵی عیراق لەسەرو هەموویانەوە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق كە بەپەلە پێداچوونەوە بكات بە بارودۆخەكەو هەماهەنگی بكەن لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەو سوپای عیراق و سەرجەم هێزە ئەمنییەكان بۆ پاراستنی ناوچەكەو روبەڕووبوونەوەی تاوانەكانی داعش كە بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوكێی هاوڵاتیان.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group