وەزیری دارایی: بەم نزیكانە مەرزی سەیران بەن دەكرێتەوە

17/04/2020


نەوا
وەزیری دارایی سەردانی مەرزی سەیران بەنی كرد و رایگەیاند: بەمنزیكانە و بەمەرج رێگە بە كردنەوەی مەرزەكە دەدەن.
رۆژی هەینی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم و وەفدێكی یاوەری، سەردانی مەرزی سەیران بەن-ی كرد لەسنوری قەزای پێنجوێن، بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربون لە دۆخی مەرزەكە و گرتنەبەری رێكارەكان بۆ دوبارە كردنەوەی.
وەزیری دارایی داوای لە یەكە ئیدارییەكانی قەزای پێنجوێن كرد، كۆنوسێكی تایبەت سەبارەت بە كردنەوەی مەرزەكە بنوسن بە زوترین كات ئاڕاستەیان بكەن، تا ئەوانیش بیگەیەننە لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و بڕیاری كردنەوەی مەرزەكە بدەن.
ئاوات شێخ جەناب رایگەیاند: بە دو مەرج رێگە بەكردنەوەی مەرزی سەیران بەن دەدەین، ئەوانیش پابەندبونی تەواوەتی بە رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەكان و بەرنەكەوتن بە شۆفێری ئێرانی، لەگەڵ رێگرییكردن لە كاری قاچاغچێتی لە سنورەكە.
مەرزی سەیران بەن، خاڵێكی سنوریی نێوان باشور و رۆژهەڵاتی كوردستانە، دەكەوێتە نێوان شاری بانە و پێنجوێن، رۆژانە ئاڵوگۆڕێكی زۆری بازرگانی تێدا ئەنجام دەدرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group