حكومه‌تی هه‌رێم داوا له‌ به‌غدا ده‌كات موچه‌ و قوتی خه‌ڵك نه‌كرێته‌ كارتی فشار

27/04/2020

نه‌وا-سه‌عید عه‌بدوڵڵا-هه‌ولێر
كۆبونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و شاندی دانوستانكاری هه‌رێم له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ هه‌ولێر كۆتاییهات و وته‌بێژی حكومه‌تیش رونكردنه‌وه‌ی له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ دا.
له‌ پاش ته‌واوبونی كۆبونه‌وه‌كه‌، كه‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد، جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا رونكردنه‌وه‌ی دا و وتی "له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا تێگه‌یشتن و هه‌ماهه‌نگی هاتۆته‌ ئاراوه‌ و قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ هه‌رێمی كوردستان چی بكات".
وتیشی "له‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێك قسه‌كراوه‌ له‌وانه‌ به‌رده‌وامی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عیراق بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان، هه‌روه‌ها باس له‌وه‌كراوه‌ ناكرێت موچه‌ی موچه‌خۆران ببێته‌ كارتی فشاری سیاسی و ئه‌و بابه‌ته‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌ و نابێت قوتی خه‌ڵك ببێته‌ فشار، جه‌ختیش له‌وه‌كرایه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم وابه‌سته‌ی رێككه‌وتنه‌ نه‌وتی و داراییه‌كان ببێت و حكومه‌تی عیراقیش پابه‌ندی رێككه‌وتن بێت".
حكومه‌تی هه‌رێم له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی په‌بانده‌ به‌و رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌ ساڵی 2019 ئه‌نجامدراوه‌ و  داواكارییه‌كانیشیان یاسایین. هه‌روه‌ها پێشنیار ده‌كات بۆئه‌وه‌ی به‌زووترین كات چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كان بدۆزرێته‌وه‌، پێویسته‌ یاسای نه‌وت و غازی عیراق ده‌ربچێت، كه‌ له‌ ساڵی 2007وه‌ ره‌شنوسه‌كه‌ی ئاماده‌یه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group