شانەی قەیرانەكانی پەرلەمان داوای گەڕانەوەی قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری دەكات

28/04/2020 عێراق

نەوا
فالح زیادی ئەندامی شانەی قەیرانەكانی پەرلەمانی عیراق دەڵێت "ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراق زیادیان كردوە و پێویستە دوبارە قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری رابگەیەندرێتەوە".
زیادی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "هاووڵاتیان هاوكار نین و پێشێلكاری زۆر دەكرێت لە قەدەغەی هاتوچۆی رێژەییدا، لەكاتێكدا ئێستاش عیراق لە مەترسیدایە و ناتوانرێت قەیرانی كۆرۆنا تێپەڕێنرێت ئەگەر رێوشوێنی پێویست جێبەجێ نەكرێن".
لەو روانگەیەوە، ئەو پەرلەمانتارە بە پێویستی دەزانێت دوبارە قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری لە عیراقدا رابگەیەندرێت، چونكە مەترسی ئاشكرا بونی هەیە و تائێستاش وڵاتەكە لە بازنەی مەترسیدایە. داواش لە لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی دەكات چاو بە بڕیاری هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆدا بخشێنێتەوە، چونكە بڕیارەكە پەلەی تێدا كراوە، بۆیە پێویستە بگەڕێنەوە بۆ بڕیاری قەدەغەی گشتگیر و لەسەرتاسەری عیراقدا جێبەجێ بكرێت.
هەروەها ئەندامەكەی شانەی قەیرانەكانی پەرلەمان پێی وایە، زۆرینەی هاووڵاتیان نازانن ئەو پەتایە چەند مەترسیدارە، لەكاتێكدا ژمارەی توشبوان لە زیادبوندایە و یەك توشبوش سەرچاوەی مەترسی دەبێت بۆ بڵاوبونەوەی پەتاكە، بۆیە دەبێت بەشێوەیەكی پیشەیی زانستی و كرداری مامەڵە لەگەڵ ئەو ڤایرۆسەدا بكرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group