بۆ پاراستنیان لە كۆرۆنا..ژنێك منداڵەكانی لە ئەمریكاوە دەباتە چین

03/05/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین، بیانیەكانی ئەو وڵاتە هەڵاتن و گەڕانەوە نیشتمانی خۆیان تەنانەت لەكاتی كەرەنتینكردنی شاری ووهان، كە سەرچاوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكەیە، هاواریان بۆ حكومەتی وڵاتەكانیان دەبرد لە چین دەربازیان بكەن، بەڵام ژنێكی ئەمریكی بە پێچەوانەوە منداڵەكانی گواستەوە بۆ چین.
رۆژنامەی "ساوس چاینا مۆڕنینگ پۆست"ی چینی بڵاویكردوەتەوە، "جۆن شیە" كە هاووڵاتییەكی ئەمریكی خەڵكی ویلایەتی ڤێرجینیایە و لە یەكێك لە زانكۆكانی شاری شەنگهای چین كاردەكات، گەڕاوەتەوە شارەكەی و دوو كچەكەی لەگەڵ خۆیدا بردوەتەوە بۆ پاراستنیان لە توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوەش دوای ئەوەی بۆی دەركەوتوە جیاوازییەكی زۆر لەنێوان واشنتۆن و پەكین هەیە لە مامەڵەكردن لەگەڵ پەتاكەدا و پێی وایە ئەدای دەسەڵاتدارانی ئەمریكا جێی نیگەرانییە.
رونیشكراوەتەوە، "جۆن شیە" ماوەی چەند ساڵێكە لە شەنگهای كاردەكات و دوو كچەكە و مێردەكەی لە ئەمریكا ماونەتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵ خێزانەكە لە ژاپۆن كۆبونەوە، بەڵام كاتێك بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە راگەیەندرا و داخستنی جیهان دەستیپێكرد، جۆن و هاوسەرەكەی و دوو منداڵەكەی، كە 13 و 10 ساڵانن، بڕیاریان دا بگەڕێنەوە ئەمریكا، چونكە پارێزراوترن لەوێ‌، بەڵام ڤایرۆسەكە لە ئەمریكا زۆر بەخێرایی بڵاوبوەوە و خوێندنگەی منداڵەكانی داخران و لە شەنگاهیش خوێندنگاكان دەستیانكرد بە كرانەوە، بۆیە جۆن شیە گەڕایەوە چین و دواتریش بڕیاری دا لەگەڵ خۆیدا منداڵەكانیشی ببات بۆ پاراستنیان.
ئەو هاووڵاتییە ئەمریكییە بەسەرهاتەكەی دەگێڕێتەوە و ئاماژەی بەوەكردوە، كاتێك گەڕاوەتەوە ئەمریكا بۆ بردنی منداڵەكانی، كە ماوەی 36 سەعات ماوەتەوە بارودۆخی ئەمریكای بینیوە چۆن قەرەباڵغی هەیە و هیچ شوێنێك دانەخراوە و فڕۆكەخانەكان پڕن، تەنانەت ئەگەر نەیوتایە لە چینەوە گەشتی كردوە، پشكنینیشی بۆ نەدەكرا، هەموو شوێنێك كراوە بوە و هەر لە خواردنگە و رێستۆرانتەكان تا سەرجەم شوێنە گشتییەكان.
"جۆن شیە" رونیشیكردوەتەوە، دڵنیابوەتەوە لەوەی پێویستە منداڵەكانی بباتە چین، كاتێكیش گەڕاوەتەوە چین تەواو بابەتەكە پێچەوانە بوە، رێگەنەدراوە قەرەباڵغی دروست بكرێت و لە فڕۆكەخانە پشكنین بۆ هەموو كەس كراوە، سەرجەم ئەندامانی فڕۆكەكەش بە رێوشوێنی تەندروستیدا براون، كە زیاتر لە 7 كاتژمێری خایاندوە و چەندین رێوشوێنی پاراستنی تریش گیراونەتەبەر.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group