قوربانیانی روداوەكەی كەشتیگەلی ئێران.. 19 كوژراو و 15 بریندار

11/05/2020 جیهان

نەوا
بەهۆی ئەوەی لە كاتی راهێنانی هێزی دەریایی ئێرانی لە ئاوەكانی دەریای عوممان، بە هەڵە موشەكێك دەنرێت بە كەشتییەكی سەربازییەوە، 19 سەربازی ئێرانی گیانیان لەدەستدا و 15ی دیكەش بریندار بون.
تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێرانی بڵاویكردوەتەوە، رۆژی یەكشەممە لە دەوروبەری بەندەری جاسك لە باشوری ئێران لەسەر دەریای عوممان و لەكاتی راهێنانی هێزی دەریایی وڵاتەكەیان، هەڵەیەك رویداوە، بەهۆی ئەوەشەوە 19 ئەندامی ئەو هێزانە گیانیان لەدەستداوە و 15 ئەندامی دیكە برینداربون.
لای خۆیشیەوە ئاژانسی "فرانس پرێس" بڵاویكردوەتەوە، لەكاتی راهێنانەكاندا بە هەڵە لەلایەن كەشتییەكی جەنگیی ئێرانییەوە موشەكێك نراوە بە كەشتییەكی دیكەی جەنگییەوە، ئەوەش دوای ئەوەی كەشتییەكە رۆیشتوە بۆ ئەوەی ئامانجێك بگەیەنێتە شوێنەكەی، بەڵام مەودای تەواوەتی لەنێوان خۆی و ئامانجەكەدا نەپاراستوە.
لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی فارس بڵاویكردوەتەوە، موشەكەكە نراوە بە كەشتی "كوناراك" كە كەشتییەكی جەنگی دروستكراوی ناوخۆییە، ئەو كەشتییە ساڵی 2018 پەیوەندی كردوە بە كەشتیگەلی جەنگی ئێرانییەوە، تەئكیدیشكراوەتەوە لەئێستادا لێكۆڵینەوە لە روداوەكە دەستیپێكردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group