نه‌وا
له نه‌خۆشخانه‌یه‌كى شارى سان پترسبێرگ له روسیا به‌هۆى كه‌وتنه‌وه‌ى ئاگره‌وه پێنج توشبوى ڤایرۆسى كۆرۆنا گیانیانله‌ده‌ستدا و 150 كه‌سیش له نه‌خۆشخانه‌كه رزگاركران.
سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵى روسیا بڵاویانكردوه‌ته‌وه، به‌هۆى شۆرتى كاره‌باوه ئاگر له نه‌خۆشخانه‌ى سان پترسبێرگ كه‌وتوه‌ته‌وه و تیمه‌كانى به‌رگریى شارستانى 150 كه‌سیان له نه‌خۆشخانه‌كه‌دا رزگاركردوه.
ئاماژه‌یان به‌وه‌شكرد، پێنج توشبوى ڤایرۆسى كۆرۆنا، كه له‌ژێر چاودێرى ورددا بون و ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستكردیان پێوه بوه، به‌هۆى ئاگره‌كه‌وه گیانیانله‌ده‌ستداوه.
به‌پێى راپۆرته سه‌ره‌تاییه‌كان، ئامێرى گه‌رمكه‌ره‌وه و فێنككه‌ره‌وه‌ى ناوخۆیى نه‌خۆشخانه‌كه بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر كارى پێكراوه و په‌ستانى زۆرى خراوه‌ته‌سه‌ر به‌هۆى ئه‌وه‌شه‌وه به‌رگه‌ى نه‌گرتوه و شۆرتى كاره‌بایى دروستبوه.
هه‌روه‌ها رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ش له نه‌خۆشخانه‌یه‌كى شارى موسكۆ ئاگركه‌وته‌وه و به‌هۆى ئه‌وه‌شه‌وه 9 كه‌س له‌ناو نه‌خۆشخانه‌كه‌دا گیانیانله‌ده‌ستداوه.
تائێستا له روسیا زیاتر له 221 هه‌زار كه‌س توشى ڤایرۆسى كۆرۆنا بون و له‌و ژماره‌یه‌ش دوو هه‌زار و نۆ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و زیاتر له 67 هه‌زار كه‌س چاكبونه‌ته‌وه.