ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا لە چەند وڵاتێك بە خێرایی زیاد دەكات

12/05/2020 جیهان

نەوا
هەرچەندە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە ئەمریكا و چەند وڵاتێكی ئەوروپی خاوبوەتەوە، بەڵام بە خێرایی لە چەند وڵاتێكی ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریكای باشور بڵاودەبێتەوە.
لەسەر ئاستی ئەمریكای باشور برازیل زۆرترین ژمارەی تووشبوانی تێدا تۆمار كراوە بە تۆمار كردنی سێ هەزار و 100 حاڵەتی نوێی كۆی تووشبوانی كۆرۆنا لەو وڵاتە بۆ سەرووی 172 هەزار كەس بەرزبوەوە و ژمارەی ئەو كەسانەشی تا ئێستا بە هۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتوەتە نزیكەی 12 هەزار كەس.
لە وڵاتی پیرو تا ئێستا نزیكەی 70 هەزار و لە هەر یەك لە چیلی و ئیكڤادۆریش نزیكەی 30 هەزار حاڵەتی تووشبوون تۆمار كراون.
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا بە تایبەتی لە وڵاتانی سعودیە و قەتەر و ئیمارات، كوەیت و بەحرەین تا دێت بەرزتر دەبێتەوە.
هەرچی رۆژهەڵاتی ئەوروپایە بە پێچەوانەی رۆژئاوای ئەو كیشوەرە ژمارەیەكی زیاتر لە تووشبوانی كۆرۆنای تێدا تۆمار دەكرێت، بە تایبەتی لە بیلاروسیا، پۆڵەندا، ئۆكرانیا، رۆمانیا.
هەرچی روسیایە ماوەی نزیكەی دوو هەفتەیە رۆژانە نزیكەی 10 هەزار حاڵەتی نوێی تووشبوونی تێدا تۆمار دەكرێت و لە ئێستادا ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا لەو وڵاتە بۆ سەرووی 232 هەزار كەس بەرزبوەوە و ئەو وڵاتە لە ریزبەندی سێهەمی وڵاتانی جیهاندایە لە رووی زۆری ژمارەی تووشبوانی كۆرۆناوە.
لە ئاسیاش لە وڵاتانی هیندستان، پاكستان، بەنگلادیش، سەنگافورە، ئیندونیسیا و فیلیپین بە هەزاران حاڵەتی نوێی تووشبون بە كۆرۆنا تۆمار كراون و ڤایرۆسەكە بە خێرایی تێیاندا بڵاودەبێتەوە. 
لە ئەفریقاش زۆرترین ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە ئەفریقای باشور تۆمار كراوە، كە زیاتر لە 11 هەزار حاڵەتە.
تا ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن و 305 هەزار حاڵەتی توشوبوون بە كۆرۆنا لە جیهاندا تۆمار كراوە، لەو ژمارەیە نزیكەی 290 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە و یەك ملیۆن و 552 هەزار كەسیش چاكبوونەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group