نەوا
ئەمریكا لە پلانیدایە، ئەگەر نەتوانێت لە ئەنجومەنی ئاسایشەوە قەدەغەی فرۆشتنی چەك بە ئێران درێژبكاتەوە، دووبارە تەواوی سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی سەر تاران چالاك دەكاتەوە.
برایان هوك نێردراوی تایبەتی ئەمریكا بۆ ئێران، وتارێكی لە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئەمریكی بڵاوكردووەتەوە، نوسیوێتی، واشنتۆن "بەهەر رێگەیەك بێت"، بەردەوامبوونی قەدەغەی فرۆشتنی چەك بە ئێران یەكلادەكاتەوە، لەو چوارچێوەیەدا رەشنوسی بڕیارێكی بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ئامادەكردووە و بەردەوام دەبێت لە رێگە دیپلۆماسییەكان و كۆكردنەوەی پشتگیری بۆ ئەو مەبەستە.
هەوڵەكەی ئەمریكا بۆ درێژكردنەوەی قەدەغەی فرۆشتنی چەك بە ئێران پێویستی بە دەنگی 9 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشە، بەو مەرجەی هیچ یەكێك لە ئەندامە سەرەكییەكانی ئەنجومەنەكە، كە بریتین لە (ئەمریكا، روسیا، بەریتانیا، چین و فەرەنسا)، دژی بڕیارەكە نەبن و ڤیتۆی نەكەن، بەڵام پێشتر روسیا دژایەتیی خۆی بۆ هەر بڕیارێكی لەو شێوەیە راگەیاندووە.
بۆیە برایان هوك دەڵێت، ئەگەر ڤیتۆ بەر لە دیپلۆماسییەتی ئەمریكی بگرێت، ئەوكات واشنتۆن مافی خۆی بەكاردێنێت قەدەغەكە بە رێگەی دیكە درێژبكاتەوە، كە لەو نێوەندەدا ئەمریكا لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئەتۆمیدا دەتوانێت سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی سەر ئێران چالاكبكاتەوە، كە قەدەغەی فرۆشتنی چەكیش یەكێكە لەو سزایانە.