سۆران عومەر: پەرلەمان بەم عەقڵیەتە ناڕوات بەڕێوە

14/05/2020
نەوا
هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی واژۆی لەسەر لابردنی پارێز بەندی و گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرانبەر سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی كردو سۆران عومەر دەڵێت، پەرلەمان بەم عەقڵیەتە ناڕوات بەڕێوە!
هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان واژۆی لەسەر داواكاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كردو لە بڕیارەكەدا ئاماژەی بەوەشكردوە، رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو سكاڵایانەی لەسەری تۆماركراون، دەگیرێتەبەر.
لای خۆیەوە سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لە پەیجی خۆی رایگەیاندووە، لە كۆبونەوەی 7ی ئایار، پارتی رێزی لە رێككەوتنی خۆی و یەكێتی و گۆڕانیش نەگرت، تاكڕەوی زۆرینەی خۆی سەپاند و پارتی بوونی زۆرینەی كۆتاكانیشی رونتركردەوە، حەق وایە پارتی بیر بكاتەوە بۆ تەنیا كەوت و دۆخەكەی ئاوا لێكرد؟ چی قازانجێكی كرد؟
ئەوەشی وتووە: "پێویستە بەوەدا بچنەوە چۆن نوێنەرایەتی و بیركردنەوەی خۆیان داوەتە دەست كەسێك لەسەرۆكایەتی پەرلەمان كە بۆتە ھۆكاری بچوككردنەوەی پارتی، بۆتە ھۆكاری ئەوەی رۆژانە خەوو نوكتە لەسەر پارتی دروست بكرێ، ئەمە یەكەم بڕیاری پەرلەمانە دوای دومانگ لە كەرەنتینەو كۆرۆنا، دوای وەرنەگرتنی پێنج مانگی موچەو بێ كاری"!
لە كۆتایشدا سۆران عومەر دەڵێت: "پەرلەمان بەم عەقڵیەتە ناڕوات بەڕێوە"!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group