نەوا
نوێنەرێكی كلدۆئاشورییەكان لە پەرلەمانی كوردستان جەختدەكاتەوە لەوەی تۆمەتباركردنی پێكهاتەكان بە لایەنگیری بۆ حزبێك راست نییە.
رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی – كلدۆئاشوری لە پەرلەمانی كوردستان لە بەرنامەی "ئاراستە"ی رادیۆ نەوادا ئاماژەی بەوەدا، كە تۆمەتبار كردنی پێكهاتەكان بە لایەنگریی بۆ حزبێك راست نییە و وتی "كاری ئێمە نییە هاوسەنگی لەنێوان حزبەكاندا رابگرین و ئەوە بە ئێمە ناكرێت".
هەروەها رەتیكردەوە لەلایەن حزبەكانەوە بەكارهێنرابن و وتی "نابینە كۆیلەی هیچ حزبێك و ئەو هێرشانەش كە دەكرێتەسەرمان ئاماژەیەكی سیاسی مەترسیدارە بۆ داهاتووی پێكەوەژیان نەك تەنها بۆ پێكهاتەكان بەڵكو بۆ كوردیش".
دەشڵێت "پێمان دەوترێت كەمینە، بەڵام كوردیش لە عیراقدا كەمینەیە و لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشدا كەمینەیەكی وایە، كە تەنانەت خۆی پێناپارێزرێت".
هاوكات بڕیار رەحمان بەڕێوەبەری رێكخراوی ئازادی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو بۆچونەی دژە پێكهاتەكان، كە دوای كۆبوونەوەكەی پەرلەمان لە رۆژی 7ی ئەم مانگە دروستبوە، وتی "بێگومان ئەوە رای تاكەكەسە، بەڵام ئەگەر رای زۆرینە بێت ئەوە دەبێتە هەڕەشەیەكی جدی".
وتیشی "ئەوەی لە هەرێمی كوردستان دراوە بە كەمە نەتەوە و ئایینەكان، زۆرباشە و عیراق ئەوەی بۆ نەكردون و هەرگیزیش نایكات".