نەوا
سەرۆكی هەرێمی كوردستان مامۆستایان بەیەكێك لە گرنگترین توێژەكان و ستوونێكی سەرەكیی پێشكەوتنی هەموو كۆمەڵگە ناودەبات كە پێیوایە شایستەی ژیان و گوزەرانی باشترن.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە یادی پەنجا و هەشت ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستاندا پیرۆزبایی لە یەكێـتیی مامۆستایانی كوردستان و تەواوی مامۆستایانی كورستان دەكات و هیوای سەرفرازی و سەركەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازێت. هەروەها رایدەگەیێنێت: "بە رێز و پێزانینەوە لە هەوڵ و ماندووبوون و لە خەبات و قوربانیدان و تێكۆشانیان بۆ پەروەردەكردن و پێگەیاندنی نەوەكانی كوردستان، دەڕوانین".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا دەڵێت: "مامۆستایانی كوردستان لە سەردەمی شۆڕش و لە ئازادیشدا هەمیشە پێشەنگانە، رۆڵێكی دیار و گەورەیان لە پەروەردەكردن و پێگەیاندنی تاكی كوردستانیدا گێڕاوە و دەگێڕن، لە ئاڵۆزترین و سەختترین رۆژگاریشدا دەستیان لە ئەرك و پەیامی پیرۆزی پەروەردەیی و فێركاری هەڵنەگرتووە و هەرگیز نەیانهێشتووە رۆڵەكانی كوردستان، بێ خوێندن بمێننەوە".
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی مۆستایان و رۆڵیان لە كۆمەڵگە دەڵێت: "مامۆستایان كە یەكێك لە گرنگترین توێژەكان و ستوونێكی سەرەكیی پێشكەوتنی هەموو كۆمەڵگەیەكن، بەدڵنیاییەوە شایستەی ژیان و گوزەرانی باشترن و لەم یادەدا هەموو پشتگیرییەكمان بۆ مافەكانیان دووپات دەكەینەوە. سوپاسیان دەكەم، دەستی ماندووبوونیان دەگوشم ".