نهوا
بڕیارە ئەمڕۆ لە شاری دهۆك خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت، بەڵام لیژنەی ئەمنیی پارێزگاكە جەختدەكاتەوە، هیچ مۆڵەتێكی فەرمییان بۆ ئەو خۆپیشاندانە نەداوە، یەكێك لە رێكخەرانیشی شەوی رابردو دەستگیركراوە.
چەند رۆژێكە ژمارەیەك چالاكوانی شاری دهۆك بانگەشە و ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و داوا لە فەرمانبەران و مامۆستایان كراوە بەشداربن و داوای ماف و موچەی خۆیان بكەن.
لای خۆیەوە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای دهۆك لە راگەیەندراوێكدا جەختدەكاتەوە "چەند رۆژێكە بانگەشە و پڕوپاگەندە بۆ خۆپیشاندان دەكرێت لە رۆژی شەممەدا، بەڵام لیژنەی ئەمنی هیچ مۆڵەتێكی فەرمی بۆ ئەو خۆپیشاندانە نەداوە".
هەروەها لیژنەكە دوپاتیدەكاتەوە، سازكردنی خۆپیشاندان سەرپێچییە و رێككاری یاسایی دەگرنەبەر، داواش لە خەڵكی پارێزگاكە دەكات خۆڕاگربن.
لەم نێوەندەدا شەوی رابردو یەكێك لە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە بەناوی بەدەل بەرواری لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای دهۆكەوە دەستگیركراوە و تائێستاش ئازاد نەكراوە.
ئاری بەدەل كوڕی چالاكوانە دەستگیركراوەكە بە كەناڵی ئێن ئار تی وتوە "درەنگانی شەوی رابردو، باوكم لەلایەن 20 چەكدارەوە كە جلوبەرگی سەربازی و مەدەنییان لەبەردابو، دەستگیركرا".
جێی وەبیرهێنانەوەیە، رۆژی پێنجشەممەی رابردو بەدەل بەرواری چالاكوانی مەدەنی وتبوی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ گروپی دەنگی مامۆستایان، كاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆی رۆژی شەممە 16ی ئایار لە ناوەندی بازاڕی دهۆك خۆپیشاندان دەكەن.