عیراق.. 308 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركران

23/05/2020 عێراق

نەوا
وەزارەتی تەندروستی عیراق تۆماركردنی 308 حاڵەتی نوێ تووشبوون بە كۆرۆنا و پێنج حاڵەتی دیكەی گیان لەدەستدان بە هۆی ڤایرۆسەكەی راگەیاند.
لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی تەندروستی عیراقدا هاتووە، لە كۆی ئەو 308 حاڵەتە نوێیە، 274 حاڵەتیان لە بەغدا تۆمار كراون و نۆ حاڵەتیشیان لە پارێزگاكانی هەرێمن و ئەوانی تر لە بەسرە، نەجەف، دیالە، كەربەلا، موسەنا، واست و سەلاحەدینن.
بەپێی راگەیەنراوەكە، پێنج تووشبووش گیانیان لەدەستداوە، كە هەر پێنجیان دانیشتووی بەغدان.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، كە 53 تووشبووی دیكە چاكبوونەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتوە.
بەگوێرەی ئامارە گشتیەكانی وەزارەتی تەندروستی عیراق تا ئێستا لەسەرتاسەری وڵاتەكە چوار هەزار و 272 حاڵەتی تووشبوون تۆمار كراون و لەو ژمارەیە دوو هەزار و 585 كەس چاكبوونەوە و 152 كەسیش گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 535 كەسیش لە ژێر چاودێریدان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group