بەرپرسێكی عیراق: تۆمەتباركردنی حكومەت بەوەی فەیسبوكچییە بەڵگەیە لەسەر كارتۆنیی حزبەكان

01/06/2020 عێراق

نەوا
بەها ئەعرەجی جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشوی عیراق جەختدەكاتەوە، تۆمەتباركردنی حكومەتەكەی مستەفا كازمی بەوەی فەیسبوكچییە، بەڵگەیە لەسەرئەوەی حزبە سیاسییەكان كارتۆنین، هەروەها هەڕەشەی هەندێك كەسایەتی سیاسی بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان تەنها بە گوشار دروستكردن وەسف دەكات.

بەها ئەعرەجی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردوە، تۆمەتباركردنی حكومەتەكەی كازمی بەوەی فەیسبوكچییە ئەوە پیشان دەدات، كە حزبە سیاسییەكان كارتۆنین، چونكە هەر خۆیان دەنگیان بەو حكومەتە دا و هەر خۆیشیان بەرپرسیارن لە شكستهێنانی ئەو حكومەتە.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەرجەم حزبەكان پشكی خۆیان لە وەزارەتەكان وەرگرتوە لە پێش هەموشیانەوە سائیرون و فەتح، كە بەزیادەوە پۆستیان وەرگرتوە.
ئەعرەجی دەشڵێت "هەڕەشەی هەندێك كەسایەتی سیاسی بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان تەنها رێگەیە بۆ گوشار دروستكردن لەسەر فراكسیۆنە سیاسییەكان و ئەوەش لەچوارچێوەی موزایەدەكان و یاریكردنە بە چارەنوسی گەلەوە سەرەڕای قەیرانەكان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group