یان ژن دەهێنیت یاخود دەبێت باجێكی زۆر بدەیت

09/06/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
لە هەنگاوێكدا لە ئێران كە بوەتەهۆی توڕەبون و جێی گاڵتەی هاووڵاتیان، پیاوێكی ئایینی پێشنیاری بۆ پەرلەمان كردوە ئەو گەنجانەی تەمەنیان گەیشتوەتە 28 ساڵ و هاوسەرگیرییان نەكردوە، دەبێت باجێكی زۆریان لێ‌ بسەنرێت.
رادیۆی "فاردا"ی ئێرانی بڵاویكردوەتەوە، ئەو پیاوە ئایینییە، كە ناوی "محەمەد ئیدریسی"یە پێشنیارێكی نوسراوی داوەتە پەرلەمانی وڵاتەكەی و تێیدا هاتوە "پێویستە پرۆسەی هاوسەرگیری بكرێت بە ناچاری و ئەوانەی گەیشتونەتە تەمەنی 28 ساڵی و هاوسەرگیرییان نەكردوە، سزا بدرێن و باجێگی گەورەیان لێبسەنرێت".
ئەو پیاوە ئایینیە پێشنیاری ئەوەشی كردوە، ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 28 ساڵاندایە و كێشەی منداڵ نەبونیان هەیە یاخود كێشەیەكی تەندروستییان هەیە و رێگەیان لێ‌ دەگیرێت هاوسەرگیری بكەن، دەبێت چارەسەری بێبەرانبەریان بۆ بكرێت.
هەروەها بەپێویستی دەزانێت رێ لەو گەنجانەش بگیرێت، كە هاوسەرگیری ناكەن، بچنە زانكۆ و پۆستی باڵای ئیداری لە وڵاتدا وەربگرن، بەپێچەوانەوە هاندان بدرێت بەو گەنجانەی لە تەمەنێكی زوودا هاوسەرگیری دەكەن و هەلی كاریان بۆ دابین بكرێت.
كەسایەتییە باڵاكانی ئێران لە سەروو هەموشیانەوە عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕش، بەردەوام داوا لە گەنجان دەكات هاوسەرگیری بكەن و نەوە بخەنەوە، چونكە لەناو چینی گەنجاندا بەهۆی بارودۆخی ئابورییەوە پرۆسەكە پاشەكشێیەكی گەورەی تێدا هەیە.
لای خۆیشیەوە عەبدولڕەزا رەحمانی وەزیری ناوخۆی ئێران بە رادیۆی "فاردا"ی وتوە، رێوشوێنەكانی حكومەت بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی هاوسەرگیری و نەوە خستنەوە، بەگوێرەی پێویست نییە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group