نەوا
هەریەك لە وەزیری داد و ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆك كۆمار ژمارەیەك پرسی پەیوەست بە خۆپیشاندەرانی راگیراو و پاراستنی مافەكانی مرۆڤیان تاوتوێكرد.
لە راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری عیراقدا هاتوە، رۆژی چوارشەممە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار پێشوازیكرد لە هەریەك لە دادوەر سالار عەبدولستار، وەزیری داد و حەمید ئەلغزی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران.
ئاماژە بەوەشكراوە، لەمیانی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردوەتەوە لەسەر گرنگی یەكلایكردنەوەی دۆسیەی خۆپیشاندەرە راگیراوەكان و ئازادكردنی ئەو كەسانەی كە تاوانبارنەكراوەن بەدەستدرێژیكردنە سەر سامانی گشتی و تایبەت.
هاوكات ئاماژەیكردوە بە پێویستی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە بنكە و بەندیخانەكان و تەواوكردنی لێكۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵ زیندانیان بە زوترینكات بەتایبەتی لە دۆخی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنادا.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك كۆماری عیراق بۆ هەریەك لە وەزیری داد و ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران، دوپاتیكردوەتەوە، پێویستە ئاسانكاری تەواو بكرێت بۆ سەردانیكردنی هاونیشتمانیان بۆ فەرمانگەكانی وەزارەتی داد، كە پەیوەستن بەژیانی رۆژانەی هاوڵاتیان دور لە رۆتین، بەجۆرێك مافەكانیان پارێزراو بێت، لە هەمان كاتدا بنەماكانی دادپەروەریش بەرجەستە بكات.