دامەزرێنەری وەرزشی پاركور سەرسامی خۆی بە سێ گەنجی كورد دەردەبڕێت

10/06/2020 وەرزش

نەوا
دامەزرێنەری وەرزشی پاركور لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام وێنەی سێ برای كوردی بڵاوكردۆتەوە و سەرسامی خۆی بەوان نیشان داوە.
دەیڤید بێل دامەزرێنەری وەرزشی پاركور وێنەی سامان، بێهنام و سیروان جەلیلی سێ برای خەڵكی شاری بۆكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی بڵاوكردۆتەوە و نوسیویەتی، ئەم سێ پیاوە، ئەرێنی، بەتوانا و لەخۆبوردووەتان پێ دەناسێنم.
دامەزرێنەری پاركور ئەو سێ گەنجە كوردەی لە نێوان سەدان هەزار وەرزشوانی پاركور لەسەرتاسەری جیهان هەڵبژاردووە و بەخەڵكی ناساندوون.
ئەو سێ برایە ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی وەرزشی پاركورن و بە بەردەوامی لەسەر ئەو وەرزشە راهێنان دەكەن و ناساندنیان لەلایەن دامەزرێنەری وەرزشەكەوە دەتوانێت رێگە خۆشكەر بێت بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زیاتر بەرەوپێش بچن.
وەرزشی پاركور بەواتای تێپەڕاندنی بەربەستەكان دێت لە كەمترین ماوە و بە ئاسانترین جوڵەكان و بە بڕاندنەوەی كەمترین وزە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group