رۆژی چوار شەممە شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

15/06/2020 عێراق

نەوا
سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، رۆژی چوارشەممە تیمی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم دێنە بەغدا و دانوستانەكان دەستپێدەكەنەوە.
فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە: "تیمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عیراق خۆی ئامادەكردووە چاوەڕێن تیمی حكومەتی عێراقیش ئامادەبن، تیمی دانوستانی هەرێم رۆژی چوارشەممە دێنە بەغدا، تەواوی داتا و زانیاری و داواكارییەكانیان ئامادەكردوون، مستەفا كازمی وتویەتی دەمەوێت رێككەوتن لەگەڵ كوردستان بكەین".
فارس عیسا وتیشی: "حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕوحیەتی رێككەوتن دێتە بەغدا و بەهیواین ئەو تیمەش حكومەتی عیراق بۆ دانوستان دیاری دەكات هەمان نەفەسی هەبێت، ئەوەش یەكەم كۆبوونەوە دەبێت لەگەڵ كابینەكەی كازمی و كۆبوونەوەكانیش لەو خاڵەوە دەست پێدەكاتەوە كە لەسەردەمی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشوو راگیران".
دەشڵێت: "تا كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر نەبن دۆخی عیراقیش سەقامگیرنابێت، حكومەتەكەی كازمیش بەهێز نابێت، مستەفا كازمی بەڵێنیداوە كێشەكان چارەبكات و رێككەوتن لەگەڵ كوردستان بكات".
سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەبەغدا وتیشی:" مانگێك بۆ رێككەوتن و دانوستاندن دیاری كراوە ئەگەر نیەتی رێككەوتن هەبێت ئەوا مانگێك زۆرە، لەم گفتوگۆیانە باس لەوەدەكرێت دەبێت مووچە و بودجە بكرێتە دەرەوەی ململانێكان و شەخسێك میزاجی لەگەڵ كوردستان نەگونجێت و دەست بۆ مووچە بەرێت بڕیاری تاك لایەنە بدرێت دەمانەوێت رێككەووتنێكی كۆنكرێتی بكەین".
فارس عیسا داوایكردووە، "پەرلەمانتارانی كورد هاوكاری حكومەتی هەرێم بكەن بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانی گەلی كورد چونكە لە دوای 16 ئۆكتۆبەر 2017 هەوڵی زۆر دراوە بەغدا مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان بكات و راستەوخۆ موچە بنێرێت، بەڵام هەرێمی كوردستان كیانێكی دەستوریە و بەپێی مادەكانی 117 و 121 حكومەتی عیراق ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان بكات، تەنیا دەبێت مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بكات".


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group