ئێران و عیراق رێكارێكی نوێی ئاڵوگۆڕی دارایی پەیڕەو دەكەن

17/06/2020 عێراق

نەوا
سەرۆكی بانكی ناوەندی ئێران رایگەیاند، لەمەودوا كاڵا و پێداویستیە سەرەكیەكانیان لە بازاڕەكانی عیراق دابیندەكەن و پارەكەشی لە رێگەی پارەی ئەو غاز و كارەبایەوە دەدەن كە هەناردەی عیراقی دەكەن.
عەبدولناسر هیمەتی سەرۆكی بانكی ناوەندی ئێران لە میانی سەردانەكەی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق رایگەیاند، وڵاتەكەی سەرچاوەی دارایی بەرچاوی لە عیراق هەیە، كە بەشی زۆرینەی پارەی هەناردەكردنی غاز و كارەبایە بۆ ئەو وڵاتە.
وتیشی، لەمەودوا كاڵا و پێداویستیە سەرەكیەكانیان كە لە لیستی سزاكاندا نین، لە بازاڕەكانی عیراق دابین دەكەن.
لای خۆیەوە عەلی عەلاق وتی، بە پێی ئەم رێككەوتنە نوێیە سەرچاوەكانی دارایی ئێران لە عیراق بەمەبستی هەناردەكردنی كاڵای پێویست بۆ ئێران سودیان لێوەردەگیرێت.
رێكارە نوێكەی ئاڵوگۆڕی دارایی و بازرگانی لە نێوان ئێران و عیراق دوای ئەوە دێت كە بە هۆی سزاكانی ئەمریكا بە تایبەتی بۆ سەر بانكی ناوەندی ئێران، تاران نەیدەتوانی بە ئاسانی سود لە پارەی هەناردەكردنی غاز و كارەبا بۆ عیراق وەربگرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group