ئێران بۆچونى خۆى له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنى ئه‌ندامانى كه‌تیبه‌كانى حزبوڵڵا راگه‌یاند

29/06/2020 عێراق

نه‌وا
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌، ده‌ستگیركردنى ئه‌ندامانى "كه‌تیبه‌كانى حزبوڵڵا"ى عیراقى كاروبارى ناوخۆیى عیراقه‌ و ئێران ده‌ستوه‌ردان ناكات.
هه‌ینى رابردوو دژه‌ تیرۆرى عیراق له‌ پرۆسه‌یه‌كى تایبه‌تدا له‌ به‌غداى پایته‌خت هه‌ڵیكوتایه‌سه‌ر باره‌گایه‌كى "كه‌تیبه‌كانى حزبوڵڵا"ی حه‌شدی شه‌عبی نزیك له‌ ئێران و 13 ئه‌ندامیان به‌تۆمه‌تى ئه‌نجامدان و ئاماده‌كاری بۆ هێرشی موشه‌كی ده‌ستگیركرد.
له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، حه‌شدى شه‌عبى هێزێكى نیشتمانیى عیراقییه‌ و له‌سه‌ر بۆچونى به‌رپرسان و مه‌رجه‌عه‌كانى وڵاته‌كه‌ پێكهێنراوه‌، هه‌روه‌ك بوه‌ته‌ هێزێكى فه‌رمی سه‌ربازیى له‌ عیراقدا.
رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، متمانه‌یان به‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ حكومه‌تى عیراق تواناى تێپه‌ڕاندنى به‌ربه‌سته‌كان و ئیداره‌دانى كه‌یسه‌ ناوخۆییه‌كانى هه‌یه‌ به‌ باشترین شێوه‌ و عیراقیش به‌ره‌و سه‌قامگیرى و ئارامى و ئاسایشى پێویست ده‌بات.
دواى روداوه‌كه‌ گروپه‌ چه‌كداریه‌كان به‌ شه‌قامه‌كانى به‌غدا بڵاوبونه‌وه‌ و داواى ئازادكردنى ده‌ستیگركراوه‌كانیان ده‌كرد، حكومه‌تى عیراقیش دۆسیه‌كه‌ی راده‌ستى ئاسایشى حه‌شدى شه‌عبى كرد و دادوه‌رى حه‌شدیش بڕیارى ئازادكردنى شه‌شیانى ده‌ركرد، چونكه‌ ده‌ستیان نه‌بوه‌ له‌ هێرشه‌كاندا و حه‌وت ئه‌ندامه‌كه‌ى دیكه‌ی ئه‌و هێزه‌ تائێستاش له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group