سه‌رۆكی به‌رشه‌لۆنه‌ له‌باره‌ی میسی-یه‌وه‌ دوا زانیاری ده‌دركێنێت

پێش 4 هەفتە وەرزش

نه‌وا
جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ سه‌رۆكی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ هێرشێكی راسته‌وخۆ ده‌كاته‌سه‌ر سیستمی ڤار و ریاڵ مه‌درید و به‌وه‌ تۆمه‌تباریان ده‌كات، كه‌ ده‌ستیان تێكه‌ڵكردوه‌، له‌باره‌ی رۆیشتنی گه‌وهه‌ره‌كه‌شیان دوا زانیاری ده‌دركێنێت.
دوێنێ یانه‌ی ریاڵ مه‌درید به‌ لێدانێكی سزا تاكه‌ گۆڵێكی له‌ ئه‌تله‌تیك بیلباو كرد و سێ خاڵی كۆكرده‌وه‌، له‌ پاش یارییه‌كه‌ش بارتۆمیۆ وتی "یارییه‌كه‌م بینی و بردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ خرایه‌ پاڵ بردنه‌وه‌كانی پێشو بۆ ریاڵ مه‌درید. سیستمی ڤار ئه‌و ئاسته‌ به‌رزه‌مان پێشكه‌ش ناكات، كه‌ هه‌مومان ده‌مانه‌وێت. له‌ دوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چالاكییه‌كان له‌ سه‌رده‌می ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌، نادادپه‌روه‌ر بوه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان هه‌یه‌ و پێده‌چێت هه‌میشه‌ ئه‌و تیمه‌ بخاته‌ پێش هه‌موانه‌وه‌ و زۆرێكیش مافی خۆیان وه‌رنه‌گرتوه‌".
ده‌شڵێت "پێویسته‌ سیستمی ڤار یارمه‌تیده‌ری ناوبژیوان بێت، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی یارییه‌كانی رابردودا هه‌موان دیمه‌نه‌كانمان بینی، كه‌ سیستمه‌كه‌ به‌ باشی تێیاندا به‌كارنه‌هێنرا، له‌كاتێكدا له‌ سودی تیمه‌ دیاریكراوه‌كه‌ بوه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا قسه‌مان كردوه‌".
سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ی كیكی سێتین-ی راهێنه‌ریش، سه‌رۆكی به‌رشه‌لۆنه‌ باسی له‌ پروپاگه‌نده‌كان كرد، به‌ڵام هه‌موویانی به‌درۆخسته‌وه‌ و پشتیوانی یانه‌كه‌ی بۆ راهێنه‌ر دوپاتكرده‌وه‌. وتیشی "تا كۆتایی وه‌رز ده‌جه‌نگین و پاشانیش خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كان دێته‌ به‌رده‌ممان".
بارتۆمیۆ باسی له‌ ئاینده‌ی لیۆنێل میسی به‌هره‌مه‌ندیش كرد و وتی "ورده‌كاری ناده‌م، به‌ڵام میسی خۆی وتویه‌تی كاروانی پیشه‌گه‌ربونم له‌ ریزی به‌رشه‌لۆنه‌دا كۆتاییپێده‌هێنم. ورده‌كارییه‌كان شیناكه‌مه‌وه‌، چونكه‌ ته‌ركیزمان له‌سه‌ر ركابه‌ریكردنه‌".
وتیشی "دانوستاندن له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌ یاریزانان هه‌یه‌، به‌ڵام میسی رونیكردوه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌یه‌وێت به‌رده‌وام بێت و ئه‌وه‌ش بۆ ماوه‌یه‌كی دورودرێژ شیده‌كه‌ینه‌وه‌".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group