پارێزگاری هه‌ولێر: خەڵك خۆی نەپارێزێت بەرەو كارەساتێكی گەورە دەڕۆین

08/07/2020


نه‌وا
پارێزگاری هه‌ولێر هۆشداری ده‌دات له‌ باره‌ی زیاتر ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی كۆرۆنا له‌و پارێزگایه‌ و ده‌ڵێت، ئێستا دۆخەكە لەقۆناغێكی خراپ و مەترسیداردایەو خەڵك خۆی نەپارێزێت بەرەو كارەساتێكی گەورە دەڕۆین.
فرسەت سۆفی پارێزگای هەولێر له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: دۆخی كۆرۆنا لەهەولێر تا دێت بەرەو خراپی دەڕوات و رێژەی توشبون بەكۆرۆنا لەهەڵكشاندایە، بۆیە پێشتریش بۆ ماوەی شەش رۆژ قەدەغەی ته‌واوه‌تی هاتوچۆمان راگەیاند.
وتیشی: بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبون و بەردەوام بوون لەتێكەڵ بون و بەكارنەهێنانی دەمامك وایكردوە ژمارەی توشبوان بەكۆرۆنا زۆر زیاد بكات، بۆیە ئێستاش ئەگەر خەڵك پابەند نەبێت و دەمامك بەكارنەهێنێت خۆی لەتێكەڵ بون دورنەخاتەوە ژمارەی توشبوان لەئێستا زیاتر دەبێت.
ئەوەشی وت: ئەگەر ژمارەكە هەر زیاد بكات ئەوا وەك حكومەت ناچار دەبین ئەو توشبوانەی كۆرۆنا كە دۆخی تەندروستیان زۆر خراپ نەبێت لەنەخۆشخانەكان وەریان نەگرین، بۆیە ئەوەی لەسەر ئێمە بووە كردومانەو پێویستە خەڵك خۆی، خۆی بپارێزێت و لەوە دەرچووە ئێمە ناوچەیەك كەرەنیتن بكەین، هەر ئەوەمان پێكراوە كە دەیبینن.
راشیگەیاند:ئێستا دۆخەكە لەقۆناغێكی خراپ و مەترسیداردایەو ئەوەی لێی دەترساین ئێستا پێی گەیشتین، بۆیە ئێستا تەنها خۆپارێزی تاكە رێگایەو دۆخی هەولێر دۆخێكی مەترسیدارەو خەڵك خۆی نەپارێزێت بەرەو كارەساتێكی گەورە دەڕۆین و كۆرۆنا لەهەموو كوچەو كۆڵانێكی هەولێر بڵاوبووەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group