ئەگەر دوو كەس لەسەر ماتۆڕسكیلێك بن خاوەنەكەی 100 هەزار دینار غەرامە دەكرێت

09/07/2020 عێراق

نەوا
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆ سەربە وەزارەتی ناوخۆی عیراق رایگەیاند "لەمەودوا رێگەنادرێت دوو كەس لەسەر ماتۆڕسكیلێك سەربكەون و هەر كەسێكیش سەرپێچی ئەو بڕیارە بكات، دەستبەسەر بە ماتۆڕسكیلەكەیدا دەگیرێت و بە 100 هەزار دیناریش سزا دەدرێت".
لەوبارەیەوە لیوا زوهێر خەفاجی بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆ لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق لەلێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندوە، ژمارەیەكی زۆر جۆری ماتۆڕسكیل، بە پێچەوانەی یاسا و رێنماییەكان هاوردەكراون.
دەشڵێت "بڕیارێكی نوێ سەبارەت بە لێخوڕینی ماتۆڕسكیل لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە دەركراوە و رێگەنادرێت دوو كەس لەسەر ماتۆڕسكیلێك سەربكەون".
لیوا زوهێر خەفاجی ئاماژەی بەوەشدا، هەر كەسێك سەرپێچی بڕیارە نوێیەكە بكات، كە لە رۆژی چوارشەممە 8ی تەمموزەوە دەركراوە، دەستبەسەر ماتۆڕسكیلەكەیدا دەگیرێت، جگە لەوەش بە 100 هەزار دینار سزادەدرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group