میسی شوێنگەرەوەی سیتینی دیاریكرد!

26/07/2020 وەرزش

نەوا
لیۆنێل میسی ئەستێرەی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی داوا دەكات گرێبەست لەگەڵ راهێنەرێكی ئەرجەنتینی بكەن بۆ شوێنگرتنەوەی كیكی سیتینی راهێنەری ئێستا.
رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی بڵاویكردوەتەوە، سیتین هەڕەشەی لابردنی لە پۆستی راهێنەرایەتی بەرشەلۆنە لەسەرە ئەوەش بەهۆی لەدەستدانی نازناوی لالیگا، هەر بەهۆی ئەوەشەوە پەیوەندیەكانی لەگەڵ لیۆنێل میسی بەهرەمەندی ئەرجەنتینیی یانەكە و چەندین یاریزانی دیكەی وەك ئەنتۆنیۆ گریزمان و لویس سوارێز تێكچوە.
رونیشكراوەتەوە، جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ سەرۆكی یانەكە دەیەوێت چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەی سەدی قەتەری و یەكێك لە ئەستێرەكانی پێشووی بەرشەلۆنە بكاتە راهێنەر، بەڵام بەهۆی چەند كێشەیەكەوە گرێبەستەكە تائێستا سەری نەگرتوە.


بەپێی رۆژنامەكە، میسی ئامۆژگاری بەرپرسانی بەرشەلۆنەی كردوە گرێبەست لەگەڵ مارسیلۆ بێلسای ئەرجەنتینی و راهێنەری یانە لیدز یونایتدی ئینگلیزی بكەن.
مارسیلۆ بیلسا توانی یانەكەی بگەڕێنێتەوە خولی پریمەرلیگ ئەوەش دوای ماوەیەكی زۆر لە سەرنەكەوتنی ئەو یانەیە و میسی دەیەوێت پێش ئەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ لیدز درێژبكاتەوە رایكێشێتە بەرشەلۆنەوە، رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكراكردوە تائێستا بەرشەلۆنە هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ ئەو راهێنەرە نەبەستوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group