پەرلەمانتارێكی كورد: فرسەتێكی گەورەیە هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ عیراقدا هەڵبژاردن ئەنجامبدات

01/08/2020 عێراق

نەوا
پاش ئەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق رۆژی 6ی حوزەیرانی 2021ی وەك وادەی هەڵبژاردنی گشتیی لە وڵاتدا دیاریكرد، پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا دەڵێت "فرسەتێكی گەورەیە بە هەمان شێوە بكرێتە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەرێمی كوردستاندا".
مستەفا كازمی لە وتارێكی تەلەفیزیۆنیدا ئاماژەی بەوەدا، كە "لە 6ی حوزەیرانی 2021دا هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق بەڕێوەدەچێت". داوای لە پەرلەمانیش كرد بە زووترین كات یاسای نوێی هەڵبژاردن پەسند بكات.
لەوبارەیەوە ئەحمەد حاجی رەشید پەرلەمانتاری عیراق لە رێی پەیجی خۆیەوە لە فەیسبوك دەڵێت "دوای دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدراڵ لە 6-6-2021، فرسەتێكی گەورەیە بكرێتە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەرێمی كوردستان و یاساكەش لە هەرێم وەك یاساكەی عیراقی بكرێتە فرەبازنە و تاك كاندید، چونكە ئەو گرفتە سیاسیانەی لە عیراقدا هەن لە هەرێمی كوردستانیش هەیە و كۆمسیۆنی هەڵبژادنەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان بەهەماهەنگی نەتەوە یەكگرتوەكان ئەو پرۆسەیە ئەنجامبدەن".
لەلایەن خۆیەوە جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عیراق لە راگەیەندراوێكدا خۆشحاڵی خۆی بۆ ئاشكراكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەلایەن كازمییەوە دەربڕی و دەڵێت "وەكو نەتەوەیەكگرتووەكان، ئامادەین پاڵپشتی ئەنجامدانی هەلبژاردنێكی ئازاد و شەفاف لە عیراقدا پێشكەش بكەین".
وتیشی "هەڵبژاردنێكی بێگەرد و ئازاد و متمانەدار و گشتگیر، كە بەشێوەیەكی رێكوپێك ئەنجام بدرێت، دەتوانێت سیستەمی سیاسیی سەرلەنوێ رێكبخاتەوە و متمانەی گشتیش دروستبكات و دەنگ بۆ خەڵك دابین بكات، ئاواتەكانیشیان بۆ نوێنەرایەتییەكی باشتر بهێنێتەدی".
جێنین پلاسخارت راشیگەیاند، ئەركی حكومەت و پەرلەمان و پارتە سیاسییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەیە هاوبەشانە و بەیەكەوە هەڵبژاردنێكی رەوا و ئازاد و متمانەدار دەستەبەر بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group