بەرهەم ساڵح لە ساڵیادی كۆمەڵكوژی ئێزدیەكان پەیامێكی بڵاوكردەوە

03/08/2020 عێراق

نەوا
لە ساڵیادی‌ كۆمەڵكوژی‌ ئێزیدییەكان سەرۆك كۆماری‌ عیراق رایگەیاند، "ئەو تاوانەی‌ بەرامبەر بە ئێزیدییەكان لە شەنگال ئەنجامدرا تاوانێكە وەك جینۆسایدی‌ مرۆڤایەتی‌ هەژمار دەكرێت.  
بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری‌ عیراق لە ساڵیادی‌ كۆمەڵكوژی‌ ئێزیدییەكان لە لایەن داعشەوە رایگەیاند "بیر و مەرامی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە تاوانكاری كۆمەڵكوژیی و سڕینەوەی ئێزدییەكان بووە لە بوون، بەڵام خۆڕاگری گەلەكەمان و یەكڕیزی و پێكەوەیی خەون و ئومێدی رەشی تیرۆرستانی لە گۆڕنا، كە هەرگیز ویژدانی نیشتمانی و مرۆڤایەتی ئەو تاوانە قێزەونانە لە یاد ناكات كەبەدەستی چەپەڵی داعش دەرهەق بە ئێزدییەكان كراوە، لە قێزەونیدا هەموو ئەو تاوانانەی تێپەڕاند كە مێژوو نوسیویەتییەوە هەر لە تاوانی كۆمەڵكوژی و لەناوبردن و تۆقاندن و كاولكردن كە لەسەر دەستی داگیركاران و بكوژان بە درێژایی چاخەكان كراوە".  
 لە وتارەكەیدا، سەرۆك كۆماری عیراق داوایكرد پەلە بكرێت لە رێكخستنەوەی كارگێریی لە شەنگال و بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری و پێشكەشكردنی یارمەتی مادی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان لە پێناو گەڕانەوەیان لە كامپی ئاوارەكانەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان كە بەم دواییانە پرۆسەی گەڕاندنەوەی‌ ئارەزوومەندانە دەستی پێكردوە.  
  بەرهەم ساڵح، جەختیشی لەسەر گرنگی لێپێچنەوە لە تاك بە تاكی ئەو كەسانە كردەوە كە سەببكار و كەمتەرخەم بوون لە هاتنەناوەوە و داگیركاری داعش بۆ شار و گوندەكان و بۆ ئەو زیانەشی لە رووی مادی و مەعنەوییەوە بە هێزە ئەمنی و سەربازییەكان گەیشتووە كە شار و دانیشتوەكانی رووبەرڕووی داگیركاری بوونەوە، بۆ ئەوەی ئەم جۆرە كارەساتە جارێكی دیكە دووبارە نەبێتەوە. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group