نەوا
لە شاری سلێمانی كتێبێكی تایبەت بە ژیان لەسەردەمی كۆرۆنادا بڵاوكرایەوە، كە لەلایەن لەتیف حسێن نوسەر و توێژەری كۆمەڵایەتی-یەوە نوسراوە.
لە رێوڕەسمی ناساندنی كتێبەكە، كە ژمارەیەك لە نوسەران، رۆژنامەنوسان و خوێنەران ئامادەبون، لەتیف حسێن ئاماژەی بە ناوەڕۆكی كتێبەكەی كرد، كە باس لە مێژووی كۆرۆنا كراوە و سات بە ساتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكەی تێدا تۆماركراوە لە جیهان و ناوچەكەدا.
دوای ئەوە نوسەر لە كتێبەكەیدا باسی ئەزمونی هەرێمی كوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادا دەكات و ئاماژەی بە قۆناغی كەرەنتینكردنی هاووڵاتییان كردووە، كە تێیدا چەندین كێشە و گرفتی خێزانی سەریانهەڵداوە لەوكاتەدا، ئەوەش بە پشتبەستن بە ئاماری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خراوەتەڕو.
لەتیف حسێن وتیشی "بەدەر لە رووە زانستییەكەی، هاتووم باسم لە دیوە سایكۆلۆژییەكەی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا كردووە و تێیدا چەندین رووداوی دڵخۆشكەرم باسكردوە، كە لە سەردەمی كۆرۆنادا بڵاودەكرایەوە تا هاووڵاتیان دوربخرێنەوە لەو فشارە دەروونییەی كەوتوەتە سەریان، ئامانجم لەم كتێبەش هێشتنەوەی تەواوی داتاكانی ڤایرۆسەكە و كاریگەرییە نەرێنیەكانییەتی لەسەر كۆمەڵگاكان بۆ ساڵانی داهاتو".