عیراق له‌ لیستى وڵاته‌ مه‌ترسیداره‌كان ده‌رده‌هێنرێت

24/09/2020 عێراق

نه‌وا
وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند، سەركەوتوبون لە گەڕاندنەوەی چالاكی 169 كۆمپانیا و دامەزراوەی عیراقی، كە بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی قەدەغەكرابون.
لەوبارەیەوە ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "دوای دیداری نێوان وەزیری دەرەوە و هاوتاكانی لە وڵاتانی ئەوروپا و بەرپرسانی سیاسەتەكان و ئاسایشی یەكێتی ئەوروپا و چەند بەرپرسێكی دیكەی باڵا، سەركەوتوبون لە كۆكردنەوەی دەنگیان و پشتگیرییان بۆئەوەی ناوی عیراق بە زوترین كات لە لیستی ئەو وڵاتانە دەربهێنرێت، كە مەترسی گەورە دروستدەكەن".
باسی لەوەشكردوە، ئەو پێكهاتە و دامەزراوانەی قەدەغەیان لەسەر دانراوە لە سەرجەم بوارەكاندا كاردەكەن وەك كەرتەكانی وەبەرهێنان، ئابوری، پیشەسازی و چەندین كەرتی دیكە، هەڵگرتنی قەدەغەش لەسەریان لەوانەیە پشتگیرییەكی باشی ئابوری ناوخۆیی بێت و هاوكاربێت بۆ حكومەت.
پێشتریش فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق نامەیەكی بۆ هاوتاكانی لە وڵاتانی ئەوروپا ناردبو و تێیدا سەرسوڕمانی خۆی بە دانانی ناوی عیراق لەناو لیستی ئەو وڵاتانەدا نیشاندا بو، كە مەترسی باڵان لە سپیكردنەوەی پارە و هاوكاری دارایی تیرۆر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group