كاره‌ساتێكی دارایی روو له‌ به‌رشه‌لۆنه‌ ده‌كات

پێش 2 هەفتە وەرزش

نه‌وا
له‌ كاره‌ساتی تۆپی پێوه‌ بۆ كاره‌ساتی دارایی، ناونیشانی وه‌رزی رابردوی به‌رشه‌لۆنه‌ بوه‌ و به‌هۆی له‌ده‌ستدانی یه‌ك له‌دوای یه‌كی نازناوه‌كان و بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا، یانه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌ زیانێكی گه‌وره‌ی به‌رده‌كه‌وێت.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ، ئیداره‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ هه‌وڵه‌كانی ده‌ستپێكردوه‌ بۆ دانانی پلانێكی جدی له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی سه‌رجه‌م كارمه‌ندان و یاریزانانی یانه‌كه‌ به‌ رێژه‌ی 30%.
له‌وباره‌یه‌وه‌ رادیۆی "كادینا سێر" بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ئیداره‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ هه‌وڵده‌دات له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ئه‌و گوشاره‌ داراییه‌ كه‌مبكاته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له‌سه‌ری دروستبوه‌.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ئێستاوه‌ تا رۆژی 5ی مانگی داهاتو دانوستاندن له‌گه‌ڵ یاریزانان و كارمه‌ندان ده‌كرێت بۆئه‌وه‌ی به‌ پلانه‌كه‌ قایلیان بكات. 
"كادینا سێر" ئاشكراشیكردوه‌، هه‌ندێك له‌ ئه‌ستێره‌كانی به‌رشه‌لۆنه‌ هه‌ر له‌ئێستاوه‌ ناڕه‌زایی خۆیان به‌رانبه‌ر پلانه‌كه‌ ده‌ربڕیوه‌ و ئاسان نابێت قایل بكرێن.
هه‌رچه‌نده‌ ناوی یاریزانه‌كان نه‌هێنراوه‌، به‌ڵام هه‌ندێكیان هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كردوه‌ ساڵی داهاتو گرێبه‌سته‌كه‌یان هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ موچه‌كانیان ببڕدرێت.
له‌ دوو ساڵی رابردودا قه‌رزه‌كانی سه‌ر به‌رشه‌لۆنه‌ دوو هێنده‌ زیادیانكردوه‌ و له‌ 217 ملیۆن یورۆی مانگی حوزه‌یرانی ساڵی رابردوه‌وه‌ تا مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ گه‌یشتوه‌ته‌ 488 ملیۆن یورۆ.
جگه‌ له‌ لێكه‌وته‌ خراپه‌كانی كۆرۆنا، به‌رشه‌لۆنه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی 2007ه‌وه‌، وه‌رزی رابردو هیچ نازناوێكی نه‌برده‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپادا به‌ 8 گۆڵ به‌رانبه‌ر به‌ 2 گۆڵ به‌ بایرن میونشنی ئه‌ڵمانی دۆڕا و به‌هۆیه‌وه‌ گۆڕانكاری هه‌م له‌ ستافی راهێنه‌رایه‌تی هه‌م له‌ هه‌ندێك یاریزانیشدا كرد.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group