سەرۆكی كۆمپانیای سامسۆنگ كۆچی دوایی كرد

25/10/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
لی كون هی سەرۆكی كۆمپانیای سامسۆنگ لە تەمەنی 78 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
لەوبارەیەوە كۆمپانیای سامسۆنگ لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە، بە غەم و پەژارەیەكی زۆرە كۆچی دوایی لی كون هی سەرۆكی كۆمپانیای سامسۆنگ بۆ ئەلیكترۆنییەكان رادەگەیەنن.
ئەوەش هاتوە، سەرۆك لی لە رۆژی 25ی تشرینی یەكەمی 2020 لەناو خۆشەویستان و خێزانەكەیدا كۆچی دوایی كردوە، كە خاوەنی دنیابینییەكی راستەقینە بوە و كۆمپانیای سامسۆنگی لە كۆمپانیایەكی ناوخۆییەوە كردە جیهانی و پێشەنگ لە بواری داهێنان و هێزی پیشەسازی، میراتەكەشی هەمیشەیی دەبێت.
لی كون هی توانی كۆمپانیای سامسۆنگ لە كۆمپانیایەكی سادەی كۆپیكردنی ئامێرە ئەلیكترۆنیەكانەوە بكات بە كۆمپانیایەكی زەبەلاحی جیهانی لەبواری پەیوەندییەكان و ئەلیكترۆنیات، لەساڵی 2014ەوە جەڵتەی دڵ لێی داوە و لەسەر جێگە بوە.
ناوبراو دەوڵەمەنترین كەسایەتی كۆریای باشور بوە و خاوەنی 20 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بوە، نرخی كۆی گشتی كۆمپانیاكەشی دەگاتە 300 ملیار دۆلار، هەمیشە بە فەرمانبەرەكانیشی وتوە "هەموو شتێكتان بگۆڕن جگە لە ژن و منداڵەكانتان"، كە ئەو رستەیەش بە یەكێك لە دروشمە گرنگەكانی دادەنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group