نەوا
نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عیراق بەدوری دەزانێت هەڵبژاردنی پێشوەخت لەكاتی دیاریكراودا ئەنجامبدرێت. تەئكیدیشدەكاتەوە لەژێر هیچ بیانویەكدا حەشدی شەعبی هەڵناوەشێنرێتەوە.
سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عیراق لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عیراقییە وتویەتی، حەشدی شەعبی بۆ پاراستنی عیراق و سیستمی سیاسی گرنگە، تائێستاش دەست بۆ رێوشوێنە ئاشكراكان نەبراوە بۆ گەڕاندنەوەی هەیبەتی دەوڵەت و پشتگیریكردنی دەزگا ئەمنییەكان.
نوری مالیكی، كە سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساشە پێی وایە، گەڕانەوەی هەیبەتی دەوڵەت زۆر قورسە و پێویستە حكومەت كاری لەسەربكات.
هەروەها پێی وانییە هەڵبژاردنی پێشوەخت لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت، چونكە بەبێ بونی هەیبەتی دەوڵەت ناتوانرێت هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجامبدرێت.
ئەو لێدوانەی نوری مالیكی لەكاتێكدایە رۆژی 6-6-2021 وەك وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق دیاریكراوە و كابینەی مستەفا كازمی-یش سورە لەسەر ئەنجامدانی لە كات و ساتی دیاریكراوی خۆیدا.