بەرگریكارێكی كرواتیا بە ڤایرۆسی كۆرۆناوە یاری دەكات

12/11/2020 وەرزش

نەوا
لە یەكەم هەڵەی لەو شێوەیەدا، بەرگریكارێكی هەڵبژاردەی كرواتیا بە ڤایرۆسی كۆرۆناوە یاری دەكات و بەرانبەر هەڵبژاردەی توركیا دەوەستێتەوە.
بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا، یەكێتییەكانی تۆپی پێ هەندێك پرۆتۆكۆلی پزیشكی بەر لە هەر یارییەك ئەنجامدەدەن و پشكنینی بونی ڤایرۆسەكەش لە ستافەكانی هەر تیمێك، یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكانی پرۆتۆكۆلەكە.
لەو چوارچێوەیەدا، لەگەڵ دەستپێكردنی یاری دۆستانەی هەڵبژاردەكانی تۆپی پێ و پاڵاوتنەكانیش، دوێنێ هەردوو هەڵبژاردەی كرواتیا و توركیا روبەڕوی یەكتر وەستانەوە و ئەنجامیش 3 بە 3 كۆتایی هات.
رۆژی دووشەممە یاریزانانی هەردوولا پشكنینیان بۆ كرا و ئەنجامەكان نێگەتیڤ بون، بەڵام سەرلەبەیانی دوێنێ (چوارشەممە)  پشكنینێكی رۆتینی بۆ یاریزانانی هەردوولا كراوەتەوە و تا تایمی یەكەم تەواوبوە كەس نەیزانیوە، كە دۆماگۆڤ ڤیدای بەرگریكاری كرواتیا توشی پەتاكە بوە، بەڵام لەنێوان تایمەكاندا ئەنجامی پشكنینەكە بە پۆزەتیڤ گەڕاوەتەوە و دەستبەجێ بەرپرسانی یەكێتیی تۆپی پێی كرواتیا زلاتكۆ دالیچی راهێنەریان ئاگاداركردوەتەوە و ئەویش لە پێكهاتەكەی دوریخستوەتەوە.
لەگەڵ زانینی ئەنجامی پشكنینەكە، ڤیدای تەمەن 31 ساڵ خۆی كەرەنتین كردوە و لە رۆژانی داهاتودا لە ئیستانبوڵی توركیا دەمێنێتەوە، كە خۆی بەرگریكاری یانەی بێشكتاشی توركیاشە. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group