مه‌سعود بارزانی له‌باره‌ی یاسای قەرزەوە په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

12/11/2020

نه‌وا

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌یامێكدا له‌ باره‌ی یاسای قەرزەوە رایگه‌یاند، زۆر بەداخەوە جارێكی تر لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە شیعە و سوننەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خەنجەریان لە پشتی گەلی كوردستان دا و، بودجە و ڕزقی خەڵكی كوردستانیان وەك كارتێك بۆ گوشارهێنان بۆ هەرێمی كوردستان بەكار هێنایەوە.

 له‌ به‌شێكی تری په‌یامه‌كه‌ی بارزانیدا هاتووه‌، لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار ڕێككەوتن لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ ئیمزا كراوە، بەڵام ڕێككەوتنەكان جێبەجێ نەكراون. ئێمە ئەو یاسایەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە بێ ڕەچاوكردنی بنەماكانی شەراكەت و ڕێككەوتنەكان دەری کردووە، بە بابەتێكی سیاسی و بۆ گوشارهێنان لەسەر هەرێم و سزادانی خەڵكی كوردستانی دەبینین كە پێچەوانەی بنەماكانی شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكانی عێراقە و جۆرێكە لە تەنگپێهەڵچنین و شەڕفرۆشی.

ده‌شڵێت: دەریشكەوت كە ئەوان پێشوەختە بڕیاری خۆیان لەسەر دژایەتیكردنی هەرێم داوە و هەمیشە بەو لۆژیكە مامەڵە لەگەڵ دەستوور و ڕێككەوتنەكان و ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستان دەكەن.

ده‌قی پەیامه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
زۆر بەداخەوە جارێكی تر لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە شیعە و سوننەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خەنجەریان لە پشتی گەلی كوردستان دا و، بودجە و ڕزقی خەڵكی كوردستانیان وەك كارتێك بۆ گوشارهێنان بۆ هەرێمی كوردستان بەكار هێنایەوە.

ئەوە لە حاڵێكدایە كە لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار ڕێككەوتن لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ ئیمزا كراوە، بەڵام ڕێككەوتنەكان جێبەجێ نەكراون. ئێمە ئەو یاسایەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە بێ ڕەچاوكردنی بنەماكانی شەراكەت و ڕێككەوتنەكان دەری کردووە، بە بابەتێكی سیاسی و بۆ گوشارهێنان لەسەر هەرێم و سزادانی خەڵكی كوردستانی دەبینین كە پێچەوانەی بنەماكانی شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكانی عێراقە و جۆرێكە لە تەنگپێهەڵچنین و شەڕفرۆشی. دەریشكەوت كە ئەوان پێشوەختە بڕیاری خۆیان لەسەر دژایەتیكردنی هەرێم داوە و هەمیشە بەو لۆژیكە مامەڵە لەگەڵ دەستوور و ڕێككەوتنەكان و ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستان دەكەن.

لێرەدا پێزانینم هەیە بۆ یەكدەنگیی نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا كە بە هەڵوێستێكی هاوبەش دژی ئەو یاسایەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەستانەوە و ئەو هەڵوێستەیان جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە. داواش لە سەرۆكایەتیی هەرێم و پارلەمان و حكوومەت دەكەم كە لەگەڵ نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، پێكەوە لەسەر ئەم بابەتە كۆببنەوە و بگەنە بڕیارێكی هاوبەش. بڕیارێك بدەن كە لە ئاست بەرپرسیارێتی بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و لە هەمانكاتیشدا كەرامەتی میللەتەكەمان بپارێزرێت و سنوورێك بۆ ئەو ڕەفتارانە دابنێت كە مەبەست لێی سزادانی گەلی كوردستانە.

مەسعود بارزانی
12ـی تشرینی دووەمی 2020

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group