لێكۆڵینەوە.. ئەوانەی توشی كۆرۆنا بون ئەگەری دوبارە توشبونەوەیان زۆر كەمە

21/11/2020 جیهان

نەوا
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، لە تاقیكردنەوەیەكی سەر كارمەندانی تەندروستیی بەریتانیا دەركەوتوە ئەوانەی توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون، ئەگەری توشبونەوەیان لە ماوەی شەش مانگی داهاتودا زۆر كەم بوە و ئەوەش هەواڵێكی دڵخۆشكەرە و جێگەی هیوایە بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسینەكان.
لەوبارەیەوە تیدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبونەویەكی لەگەڵ شارەزایانی پەتازانی ئەنجامدا و رایگەیاند، لە ماوەی چوار هەفتەی رابردودا لەسەرتاسەری جیهان ژمارەی حاڵەتەكانی توشبون بەراورد بە شەش مانگی یەكەمی سەرهەڵدانی پەتاكە زیاتر بوە و بەشێكی زۆر بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەكانی ئەوروپا و ئەمریكای باكور پڕبون.
ئاشكراشیكرد، هەواڵی دڵخۆشكەر هەن لەبارەی بەرهەمهێنانی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ و وتی "ئەمە هیوای كۆتاییپێهێنانی ئەم ڤایرۆسەمان پێدەدات. لەم قۆناغەدا پێویستە ئەڵقەی بڵاوبونەوەكە تێكبشكێنین و ئەوەی لەدەستماندایە بەكاریبهێنین بۆ رزگاركردنی گیانی زیاتر".
لەلایەن خۆیەوە مایك ریان بەڕێوەبەری پرۆگرامی دۆخی بەپەلەی رێكخراوەكە و ماریا ڤان سەرۆكی تیمی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەبارەی تاقیكردنەوەی سەر كارمەندانی تەندروستیی بەریتانیا رایانگەیاند، ئەنجامەكە زۆر دڵخۆشكەرە و زۆریش گرنگە بەوەی بزانرێت ئاستی بەرگریی مرۆڤ لە بەرانبەر ئەو ڤایرۆسە چەندە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group