ئێران.. 96%ی دانیشتوانی وڵاتەكە مەترسیی كۆرۆنایان لەسەرە

22/11/2020 جیهان

نەوا
بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا لە ئێران گەیشتوەتە ئاستێكی مەترسیدار، بەنزیكەیی 96%ی دانیشتوانی وڵاتەكە مەترسیی كۆرۆنایان لەسەرە و زۆربەی پارێزگاكان لە دۆخی سوری بڵاوبونەوەی پەتاكەدان.
بەپێی ئامارە فەرمییەكانی تەندروستیی ئێران، رۆژی شەممە زۆرترین ژمارەی توشبون بە كۆرۆنا لە 24 كاتژمێردا تۆمار كرا، كە نزیكەی 13 هەزار كەس بوون و بەرزترین رێژەیە لەسەرەتای بڵاوبونەوەی پەتاكەوە لەو وڵاتە تۆمار بكرێت.
بۆیە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە ئێران، دۆخی وڵاتەكە لەبارەی بلاوبونەوەی كۆرۆناوە بە مەترسیدار وەسفدەكات،  عەلی رەزا رەئیسی وتەبێژی ناوەندەكە ئاشكرایكردوە، لەكۆی 31 پارێزگای ئێران، 27ـیان لە دۆخی سوری بڵاوبونەوە و تەشەنەسەندنی كۆرۆنان، بەشێوەیەك، كە لەكۆی 82 ملیۆن دانیشتوی ئێران، نزیكەی 79 ملیۆن كەس لەو وڵاتە بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ مەترسیی كۆرۆنایان لەسەرە، كە دەكاتە 96.3%ی ژمارەی دانیشتوان.
بڵاوبونەوەی زیاتری پەتاكە لە ئێران، ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنای ناچاركرد، چەند رێكارێكی نوێ رابگەیەنێت، بەپێی بڕیارە نوێكان، كە لە رۆژی شەممەوە چونەتە بواری جێبەجێكردن،  هاتووچۆ و قەرەباڵغی لە شوێنە گشتییەكان بە شێوەیەكی بەرچاو سنوردار دەكرێت، بەشێوەیەك، كە جگە لە ناوەندە ئەمنی و تەندروستییەكان، لە سەرجەم دامودەزگا دەوڵەتییەكان تەنیا یەك لەسەر سێی كارمەندان دەچنە سەر كارەكانیان، هەروەها سەرجەم ئەو كار و پیشانەی شوێنەكانیان داخراوە، بۆ ماوەی دوو هەفتە دادەخرێن، تەنیا ئەو كار و پیشانە نەبێت، كە لە شوێنی كراوەدا و لەدەرەوە كارەكانیان دەكەن، دەتوانن بەشێوەیەكی سنوردار بچنەوە سەر كارەكانیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group