كرێی خوێندن له زانكۆ و پهیمانگا تایبهتهكان كهمكرایهوه
22/11/2020
نهوا
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند كە کرێی خوێندنی لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەپێی ئەنجامەکانی ڕیزبەندی نیشتیمانیی زانکۆکانی کوردستان بۆ ساڵی 2019 بەڕێژەی 10٪ بۆ 20% بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن کەم کردەوە.
رۆژی یهكشهممه سەرپەرشتی د. ئارام قادر سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و سەرۆک زانکۆکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەت، کۆبوونەوەی تەواوکاری ژمارە 10ی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، تیایدا چەند بڕیارێك دەركرا.
سەبارەت بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بە کاری لێژنەی تایبەتمەند لەسەر ئاستی وەزارەت بەم ئەرکە کرد و دەستخۆشی لێ کردن بۆ کارەکانیان لە ڕابردوودا، گوتیشی هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی تایبەت گوزەر دەکات بە شێوەیەک پێویستە هەمووان ڕەچاوی بار و گوزەرانی دارایی خەڵکی بکەن و لە هەمان کاتیشدا بتوانن هەلی خوێندن بۆ هەمووان دەستەبەر بکەن.
لەم چوارچێوەیەشدا رایگەیاند كە بۆ ئەوەی روحیەتی کێبەرکێی زانستی لە دامەزراوە ئەکادیمیەکان بپارێزن و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی هاووڵاتییان، بڕیاریان دا بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ئەویش بەپێی ئەنجامەکانی ڕێزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی کوردستان بۆ ساڵی 2019 کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیەنراوە.
كەمكردنەوەكان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
* ئەو زانکۆیانەی دەکەونە گروپی B، بەڕێژەی (10%) کرێی خوێندن کەمدەکرێتەوە.
* ئەو زانکۆیانەی دەکەونە گروپی C، بەڕێژەی (15%) کرێی خوێندن کەمدەکرێتەوە.
* ئەو زانکۆیانەی دەکەونە گروپی D، بەڕێژەی (20%) کرێی خوێندن کەمدەکرێتەوە.
* سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بەڕێژەی (20%) کرێی خوێندنیان کەم دەکرێتەوە.