گه‌رمیان.. ژنێک له‌ لایه‌ن سێ برایه‌وه‌ خنكێنرا

22/11/2020

نه‌وا
پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، بە تۆمەتی هەڵواسینی ژنێک، چوار کەس دەستگیرکراون، کە سیانیان برای کوژراوەکەن و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.
پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، "ئێوارەی رۆژی هەینی رابردوو لەگەڕەکی شارەوانی دووی قەزای کەلار، ئافرەتێک بەناوی (م - ا - م ) لەدایکبووی 1994 لەماڵەکەی خۆیدا بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە، کە گیانی لەدەستدابوو."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەئامادەبونی دادوەری لێکۆڵینەوەی کەلار و بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان لێکۆڵینەوە لەشوێنی رووداوەکە کراو تەرمی ناوبراو بەمەبەستی پشکنین رەوانەی پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کرا."
ئەوەش خراوەتەڕوو، "چوار تۆمەتبار دەستگیرکراون، کە سێ کەسیان برای کوژراوەکەن و دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دانیانناوە بەتاوانەکەدا، کەبەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیەوە ئەوتاوانەیان ئەنجامداوە."
راشیگەیاندووە، "لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی 406 تۆمەتباران بەندکراون."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group