عیراق بۆ ماوەی پێنج ساڵ نەوت بە گرێبەستی پێشوەختە دەفرۆشێت

24/11/2020 عێراق

نەوا
عیراق دەیەوێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ نەوت بە گرێبەستی پێشوەختە بفرۆشێت.
كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عیراق "سۆمۆ"، لە راگەیەندراوێكدا كڕیارانی نەوتی خۆی ئاگاداركردوەتەوە، ئامادەیە بۆ ماوەی 5 ساڵ نەوتیان پێبفرۆشێت، لە پێناو وەرگرتنی پارەی پێشەكیی ئەو نەوتەی، كە لەو ماوەیەدا رادەستیان دەكات.
سۆمۆ ئاشكرایكردووە، عیراق هەوڵدەدات بەپێی گرێبەستەكە، كە لە كانوونی دووەمی ساڵی 2021 ـەوە دەستپێدەكات، تاوەكو كانوونی یەكەمی 2025 پارەی پێشوەختە وەربگرێت، لە بەرانبەردا باری نەوتی بەسڕە رادەستدەكات.
سۆمۆ رایگەیاندووە، مانگانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت دەداتە كڕیاران، كە رۆژانە نزیكەی 130 هەزار بەرمیل دەكات و پارەی یەكساڵی ئەو نەوتە وەردەگرێت، كە رادەستی كڕیارەكەی دەكات، بەپێی نرخی ئیستای نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، نزیكەی دوو ملیار دۆلار دەكات.
ئامانجی عیراق لە گرێبەستی پێشوەختەی فرۆشتنی نەوت، پاڵپشتیكردنی كەرتی دارایی و دەرچوونە لە قەیرانی نەبوونی نەختینە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group