دوای پۆمپیۆ، میلەر سەردانی خۆرهەڵاتی ناوەراست دەكات

26/11/2020 جیهان

نەوا
وەزیری بەرگریی ئەمریكا بە وەكالەت سەردانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ناوچەكە كۆدەبێتەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، كریستۆفەر میلەر وەزیری بەرگریی ئەمریكا بە وەكالەت، لە هەفتەی جەژنی سوپاسگوزاریدا، هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە چەند وڵاتێك بەسەردەكاتەوە، لەو چوارچێوەیەدا سەردانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای چەندین وڵات كۆدەبێتەوە، كە هێزەكانی ئەمریكایان لێیە.
پێنتاگۆن رایگەیاندوە، میلەر لەو كۆبوونەوانەدا قسە لەسەر هەڕەشە ئەمنییەكان و بەرەنگاربوونەوەی گروپە چەكدارەكان دەكرێت، بێ ئەوەی ناوی ئێرانیش بهێنێت، دەڵێت، "سەروەری و سەقامگیریی ناوچەكەی قۆستوەتەوە و خراپ بەكاری دەهێنێت".
سەردانەكەی وەزیری بەرگریی ئەمریكا بەوەكالەت بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەكاتێكدایە، هەفتەی رابردوو مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی دیكەی كەنداوی كرد، یەكێك لە پرسە تاوتوێكراوەكان هەڕەشەكانی ئێران بوو بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە، لە یەكێك لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكاندا پۆمپیۆ دوپاتیكردەوە، كە "هەموو بژارەكان لەسەر مێزن".
هەروەها لەماوەی رابردوودا پرسی ئەگەری هەوڵدانی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە لە یادی كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازیی ئەمریكا دژ بە ئێران، بووەتە ئەگەرێكی پێشبینیكراو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group