لە توركیا گەورەترین پرۆسەی دادگاییكردن بەڕێوەدەچێت

26/11/2020 جیهان

نەوا
دەسەڵاتدارانی دادوەریی توركیا سزای بەكۆمەڵی سەدان كەس دەدەن، كە تۆمەتی بەشداریكردن لە كودەتاكەی چوار ساڵ لەمەوبەریان ئاراستەكراوە.
بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ، رۆژی پێنجشەممە، چوارەم دادگای باڵای تاوانەكان لە ئەنقەرە سزای هەتاهەتایی بەسەر چوار ئیمامی مزگەوتدا سەپاندوە، كە سەربە رەوتی "خزمەت"ی فەتحوڵڵا گولەن بون و تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ دەستیان لە كودەتاكەی 2016-دا هەبوە.
هاوكات، 25 فڕۆكەوانی سەربازیی سزای هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنرا، كە فڕۆكەوانی فڕۆكەی جەنگیی F-16 بون، تۆمەتی ئەوانیش هەڵكوتانەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەت بوە لە رۆژی كودەتاكەدا و هەوڵی كوشتنی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی وڵاتەكەشیان داوە.
بەشێوەیەكی گشتی، 475 كەس براونەتە بەردەمی دادگا و 337-یان سزای زیندانیكردنی هەتا هەتاییان بەهۆی كودەتاكەوە بۆ بڕدراوەتەوە. هەروەها 16 كەسی دیكەش وەك تۆمەتبار بەبێ ئامادەبونی خۆیان دادگایی كراون، یەكێك لەوانیش خودی فەتحوڵڵا گولەن-ە، كە لە ئەمریكا دادەنیشێت.
حكومەتی توركیا بە سەرۆكایەتی پارتی داد و گەشەپێدان، رەوتی "خزمەت"ی فەتحوڵلا گولەن بەوە تۆمەتبار دەكات، كە لە 15ی تەمموزی ساڵی 2016دا هەوڵی كودەتای داوە و تێیدا زیاتر لە 250 كەس كوژراون، بەڵام هەوڵەكەیان شكستیهێنا و سەدان كەسیش لە سەرباز و پلەدارانی سەربازی و مەدەنی و كارمەندانی دەوڵەت دەستگیركران، لەلایەن دادگاشەوە سزای جۆراوشۆریان بۆ دەركرا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group