مەسەدە لە بێدەنگیی روسیا بەرانبەر بە دۆخی عەین عیسا نیگەرانە

19/12/2020

نەوا
هێرشەكانی توركیا و گروپە چەكدارە هاوپەیمانەكانی بۆسەر عەین عیسا بەردەوامە، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات رەخنە لە بێدەنگیی روسیا دەگرێت بەرانبەر بەو هێرشانە، دوپاتیدەكاتەوە، توركیا دەیەوێت چەند ناوچەیەكی دیكەی رۆژئاوای كوردستان داگیر بكات.
ئامینە عومەر هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات "مەسەدە" لەبارەی هێرشەكانی توركیا و گروپە چەكدارە هاوپەیمانەكانی، بە ئاژانسی هەواڵی هاوارنیوز-ی راگەیاندوە، توركیا هەوڵ دەدات چەند ناوچەیەكی دیكە لە باكور و خۆرهەڵاتی سوریا داگیر بكات.
ئاشكراشیكرد، توركیا دەیەوێت ڕێگای ستراتیژیی  ئێم-4 و باكور و خۆرهەڵاتی سوریا لەیەك داببڕێت.
هاوسەرۆكی مەسەدە، روسیا بە بەرپرسیاری یەكەمی هێرشی سەر شارۆچكەی عەین عیسا لەلایەن توركیاوە دەزانێت، لەوبارەیەوە رایگەیاند، پاراستنی عەین عیسا لە هێرشەكانی توركیا لە ئەستۆی روسیادایە، بەڵام بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ ناكات و ڕێگا لە هێرشەكانی توركیا ناگرێت، فشاریش دەخاتە سەرهێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ ئەوەی عەین عیسا ڕادەستی حكومەتی سوریا بكەن.
لای خۆیانەوە میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان ئاشكرایانكرد، هێرشی توركیا و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئەنقەرە بۆسەر شارۆچكەی عەین عیسا بەردەوامە، بەتایبەت هێرشەكانی ئەمڕۆ بۆسەر گوندی مشیرفە بووە، بەڵام هێزەكانی سوریای دیموكرات بەرپەرچیان داونەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group