پێلێ بۆ مێسی: لیۆنێل زۆر سەرسامم پێت

20/12/2020 وەرزش

نەوا
بەهۆی یەكسانكردنەوەی ریكۆردێكیەوە، پێلێ پەیامێكی پیرۆزبایی بۆ مێسی دەنێرێت و پێی دەڵێت "زۆر سەرسامم پێت"، نیگەرانیشە لەوەی چیرۆكەكانی وەك ئەو و مێسی بۆ خۆشویستنی یانەیەك، كەمبونەتەوە.
دوای ئەوەی لیۆنێل مێسی یاریزانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ژمارەیەكی پێوانەیی پێلێی ئەفسانەی بەرازیلیی لە تۆماركردنی گۆڵ بۆ یەك یانە یەكسانكردەوە، پێلێ 643 گۆڵی بۆ یانەی سانتۆسی بەرازیلی و مێسی-یش 643 گۆڵی بۆ بەرشەلۆنە تۆماركردووە، گەوهەرەكەی بەرازیل لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، پەیامێكی بۆ لیۆنێل مێسی نارد و دوو وێنەشی لەگەڵدا بڵاوكردەوە، دەڵێت، "كاتێك دڵت پڕ دەبێت لە خۆشەویستی، زەحمەتە رێگەكەت بگۆڕیت، منیش وەك تۆم، دەزانم هەستت چۆنە كاتێك هەموو رۆژێك هەمان درێس دەپۆشیت، دەزانم هیچ شوێنێك لەو شوێنە باشتر نییە، كە هەستدەكەیت لە ماڵی خۆتی".
پێلێ نوسیویشێتی "لیۆنێل، بەبۆنەی تۆماركردنی ئەو مێژووە پیرۆزباییت لێدەكەم، بەڵام بەر لە هەموو شتێك، پیرۆزباییت لێدەكەم بۆ ئەو مێژووە جوانەی لەگەڵ بەرشەلۆنە تۆمارتكردووە". 
لە كۆتایی پەیامەكەیدا ئەفسانەكەی بەرازیل بە مێسی دەڵێت، "بەداخەوە لە تۆپی پێدا چیرۆكەكانی وەك من و تۆ، لە خۆشویستنی یانەیەك بۆ ماوەیەكی درێژ، زۆر كەم دەبنەوە، زۆر سەرسامم پێت لیۆنێل".



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group