كه‌ناڵێكی ئیسرائیل: تیمی بایدن و ئێران ده‌ستیان به‌ دانوستان كردووه‌

17/01/2021 جیهان

نه‌وا
كه‌ناڵێكی ئیسرائیلی بڵاویكرده‌وه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی تیمه‌كه‌ی جۆ بایدن سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا، كه‌ له‌ ٢٠ی ئه‌م مانگه‌ دێته‌ سه‌ر حوكم، به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیداره‌ی واشنتۆن بۆ رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی كه‌ له‌ 2015ه‌دا واژووی له‌سه‌ر كرا، له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ستیان كردووه به‌ دانوستان.
ته‌له‌ڤزیۆنی كه‌ناڵ 12ی ئیسرائیل به‌بێ پشتبه‌ستن به‌ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ك و به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاری بدات سه‌باره‌ت به‌ دانوستانه‌كان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ تیمه‌كه‌ی بایدن زانیاریان داوه‌ به‌ حكوومه‌تی ئیسرائیل له‌باره‌ی دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران.
ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ كه،‌ یۆسی كۆهێن سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری ئیسرائیل (مۆساد) به‌مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، و تیمه‌كه‌ی بایدن ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌چێته‌ ئه‌مریكا.
له‌به‌رامبه‌ردا به‌رپرسێك له‌ تیمه‌كه‌ی بایدن كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی خۆی ئاشكرا بكات له‌ لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌ی Barak Ravid ی ئیسرائیل ئه‌م ده‌نگۆیه‌ی كه‌ناڵه‌ ئیسرائیلیه‌كه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ و باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه،‌ هیچ یه‌كێك له‌ به‌رپرسانی تیمه‌كه‌ی بایدن له‌گه‌ڵ ئێران دانوستانی نه‌كردووه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group