قه‌ره‌یلان داوای پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ نێوان په‌كه‌كه‌ و حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

23/02/2021

نه‌وا
ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە و فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی هەپەگە داوای یه‌كڕیزی له‌ حزبه‌كانی هه‌ر چوار به‌شی كوردستان به‌ تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات له‌پێناو پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد.
موراد قەرەیلان له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی ستێرك تی ڤی باسی له‌وه‌كرد، حكومه‌تی توركیا له‌ هێرشه‌كه‌یدا بۆ سه‌ر گاره‌  "هەوڵیدا بە شەڕێکی تایبەت کوردان بێنێتە بەرامبەریەک و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، کە پێشمەرگەش بە جلی سەربازانی تورکەوە بەشداریی ئەو هێرشەیان کردوە بۆسەر گەریلا و بەم شێوازە دەیانویست لەنێوان کورداندا ئاژاوە بنێننەوە"، بەڵام ئه‌وان ئەو پڕوپاگەندەیان پووچەڵ کردەوە.
قەرەیلان، ئاماژەی بەوەش کرد، کە دووژمنان و داگیرکەران کوردستان سەرەڕای ئەوەی دەستیان لە خوێنی یەکتردایە، بەڵام کە بابەت دەبێتە پرسی کورد هەموویان دێنە لای یەک و یەکدەگرن.
باسی له‌وه‌شكرد، بۆ رێگری كردن له‌ خواستی توركیا و وڵاتانی تر له‌ دژی كورد پێویسته‌ لایەنە کوردستانییەکانی ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات، باکوور و باشووری کوردستان بە تایبەتی یەکگرتووی ئیسلامی، گۆڕان، یه‌كێتی، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و پارتی کرد لەگەڵ پەکەکەدا بەرەیەکی یەکگرتووی بەهێز دروست بکەن و بەو شێوازە پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردان مسۆگەر بکەن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group