سوپای عێراق: رێككه‌وتنی شه‌نگال وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ده‌كرێت

23/02/2021 عێراق

نه‌وا
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند کە ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە باس لە جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنی شنگال دەکەن و جەختیش دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە رێککەوتنەکە بەپێی ئەو پلانەی کە بۆی دانراوە، جێبەجێ دەکرێت.
لەمبارەیەوە لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا سەبارەت بە رێککەوتنی شنگال رایگەیاند کە رێککەوتنەکە بەپێی ئەو پلانەی کە بۆی دانراوە، جێبەجێ دەکرێت و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، دۆسیەی ئەمنی لە قەزای شنگال بەڕێوەدەبات و وتی: "ھیچ دیاردەیەکی چەکداریی لەناو شنگال بوونی نییە و ھاووڵاتییانی نێشتەجێی قەزاکە ھاوکارن لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان".
ئاماژەی بەوەیشدا کە لە ھەندێک لە میدیاکانەوە ھەوڵی سووکایەتیکردن بە ھێزە ئەمنییەکان و دەدرێت و وتی: "ئەو دەنگۆیانە رەت دەکەینەوە کە باس لە جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنی شنگال دەکەن".
سەبارەت بە رەوشی ئەمنی عێراقیش، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، لیوا تەحسین خەفاجی باسی لەوەکرد کە ھێشتا چه‌كدارانی داعش ھەوڵدەدەن دەزە بکەنە ناوچە سنوورییەکانی عێراق لەگەڵ سووریا بە تایبەتیش ئەو ناوچانەی کە دەکەونە نێوان ھێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان و ھێزەکانی پێشمەرگە و وتی: "بەردەوامین لە ھەوڵەکانمان لەگەڵ پێشمەرگە بۆ کۆتایھێنان بە دزەکردنی تیرۆریستانی داعش".
لیوا تەحسین خەفاجی گوتیشی: "ھێزە ئەمنییەکان بەردەوام لە ئامادەباشیدان بۆ راوەدوونانی چه‌كدارانی داعش".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group