به‌رپرسێكی پارتی: به‌ ناوی چه‌كداری داعشه‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ هاوڵاتیانی كوردی كه‌ركوك ده‌كرێت

24/02/2021 عێراق

نه‌وا

جێگری به‌رپرسی سه‌ركردایه‌تی كه‌ركوك- گه‌رمیانی پارتی ده‌ڵێت، بە ناوی چەکداریی داعشەوە تەقە لە ھاووڵاتییانی کورد ده‌كرێت بۆ ئەوەی ناچار بکرێن ناوچەکانیان بەجێ بێڵن.
دیاری حسێن جێگری بەرپرسی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی بە مالپەڕی فەرمیی حزبه‌كه‌ی ڕاگەیاندوه‌: "پرۆسەی تەعریب و زۆریھێنان بۆ سەر ھاووڵاتییانی کوردی کەرکووک چڕ کراوەتەوە و ھەر ڕۆژە و لەژێر ناوێک و بە بڕیارێک بازاڕ و گەڕەکەکانی کورد لە شاری کەرکووک تێک دەدرێن و کەسیش نییە بەرگری لە ھاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک بکات، ئەو ھەموو تەعریب و زۆڵمەی لە کوردانی کەرکووک دەکرێت بە پیلان و بڕیاری پێشوەختە کاری بۆ دەکرێت."
وتیشی: "دەرکردنی کورد لەنێو شاری کەرکووک پەڕیوەتەوە بۆ گوندەکانیش ئێستا دەیانەوێ کوردانی کاکەیی لەسەر گوندەکانیان دەر بکرێن، ھەندێک جار بە ناوی چەکداری داعشەوە عەرەبی شۆڤێنی تەقە لە ھاووڵاتییانی کورد دەکەن بۆ ئەوەی ناچار بکرێن ناوچەکانیان بەجێ بێڵن بۆ ئەوان."
دیاری حوسێن جەختی کردەوە: "چەند ڕۆژێکە ھەڵمەتێک بۆ تێکدانی ژمارەیەک بازاڕ و گەڕەکی کورد لە کەرکووک دەستی پێ کردووە و دەیانەوێت بە قۆناغ کورد بسڕنەوە لە شارەکەیان، ئەگەر پێشی لێ نەگیرێت مەترسییەکی زۆر گەورە لەسەر کوردانی کەرکووک ھەیە و لە داھاتوودا بە جێبەجێکردنی پیلانەکانیان کورد بێ جێگە و ڕێگە دەمێنێتەوە لە کەرکووک."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group