كه‌عبی: پاره‌ی زیاتر بۆ زیقار ته‌رخان نه‌كرێت ده‌نگ به‌ بودجه‌ ناده‌ین

04/03/2021 عێراق

نه‌وا
حه‌سه‌ن كه‌عبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دەنگ بە پرۆژە بودجەی 2021 ناده‌ن، ئەگەر بڕی پارەی زیاتر بۆ پارێزگای زیقار و پارێزگا هەژارەكانی دیكه‌ ته‌رخان نه‌كرێت.
 بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی حەسەن كەعبی، لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارێزگای زیقار، وەزیرانی دارایی، پلاندانان، كارەبا، تەندروستی، نەوت، كشتوكاڵ، ئاوەدانكردنەوە و شارەوانییەكان، كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران كۆبووەتەوە و جەختی لەسەر گرنگیی دامەزراندنی سندووقی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگای زیقار كردووەتەوە و بە پێویستییەكی سەرەکیی ناوبردووە، هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەمە هەنگاوی یەكەمە بۆ ئەو پارێزگایانەی بەدەست كەمیی خزمەتگوزاری و نەبوونی ژێرخانەوە دەناڵێنن".
 وەكو لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە، "كۆبوونەوەی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، مەبەستی سیاسیی لەپشتەوە نییە، بەڵكو بۆ تاوتوێكردنی رێگەكانە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە وەستاوەكان و چارەسەركردنی گیروگرفتەكانی پارێزگای زیقار".
داواشی لە پەرلەمانتارانی پارێزگاكە كرد، بەپەلە پەیوەندی بە دانیشتووانی پارێزگاكەوە بكەن و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە جێبەجێكارەكان بكەن بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی دانیشتووانی پارێزگاكە.
 له‌ رۆژانی رابردوودا جارێكی تر خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی پارێزگای زیقاری گرته‌وه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ لانیكه‌م پێنج كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و زیاتر له‌ 300 كه‌سیش برینداربوون، كه‌ نیوه‌ی سه‌ر به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group